هەسەدە: وەزارەتی بەرگریی ڕاستییەکان ئاوەژوو دەکات

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایدەگەیەنێت: ئەو ڕاگەیەندراوانەی وەزارەتی بەرگریی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاوی دەکاتەوە، دوورە لە ڕاستی و هەوڵێکە بۆ ئاوەژوو کردنەوەی ڕاستییەکان.

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی سوپای عەرەبیی سووریا بڵاوی دەکاتەوە لەبارەی هێرشەکانی هەسەدە بۆ سەر دێر حافر و مەسکەنە، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ئەمڕۆ دووشەممە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەموو ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی ڕەت کردەوە و بە هەوڵێک بۆ ئاوەژووکردنەوەی ڕاستییەکانی وەسف کرد و دەشڵێت: وەزارەتی بەرگریی و هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریا هەوڵ دەدەن پەرە بە ئاڵۆزییەکانی سووریا بدەن.

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) لە بەیاننامەکەیدا ئاشکرای دەکات، هێزەکانیان هیچ جموجوڵێکی سەربازییان لە دێرحافر و مەسکەنە نەکردووە، بۆیە دەنگحیەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا هیچ ڕاستییەکی تیدا نییە کە بانگەشەی ئەوە دەکات هێزەکانمان لەو ناوچانە دەستیان بە جموجۆڵی سەربازیی کردووە، بەڵکو ئەوە هێزەکانی سوپای عەرەبیی سووریایە کە لەو ناوچانە جوڵەی سەربازییان هەیە.

هەر لەو بەیاننامەیەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتی دەکاتەوە کە، ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی بەرگریی سووریا، دووبارە تەنیا هەوڵێکە بۆ دروستکردنی ئاژاوە و ئاڵۆزیی زیاتر، هاوکات هەموو ئەگەری دروستبوونی هەر پێکدادانێکی لەو ناوچەیەی خستە ئەستۆی وەزارەتی بەرگریی و سوپای عەرەبیی سووریا.

هێزەکانی سووریای دیموکرات، دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە پابەندە بە پرەنسیپی ئاگربەست، هەروەها پابەندە بە گرتنە بەری هەر ڕێکارێکی خۆپارێزی و پاراستنی هاووڵاتییانی کورد لەو ناوچانە.

لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی سەربازی ئاشکرای کرد کە سوپای سووریا بە مەبەستی بەهێزکردنی پێگەکانی و قایمکردنی سەنگەرەکانی لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، هێز و کەرەستەی سەربازیی نوێی ڕەوانەی خاڵەکانی بڵاوەپێکردنی لە هەردوو ناوچەی دێر حافر و مەسکەنە کردووە.