کۆشکی سپی: هەموو بژاردەکان بەرانبەر بە ئێران لەسەر مێزە

فەرەنسا بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی لە ئێران کشاندەوە

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری بەو وڵاتانە دەدات کە بازرگانی لەگەڵ ئێران دەکەن و ڕایگەیاندووە، "هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ ئێران بکات بە ڕێژەی 25% باجی گومرگی بەسەر دەسەپێنین". هەروەها حکوومەتی فەرەنسا ئاشكرای کرد، بەشێک لە دیپلۆماتکارەکانی لە باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تاران کشاندووەتەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە هەژماری خۆی لە تروس سۆشیاڵ بڵاویکردووەتەوە، بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دەرکردووە و ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت، بڕیارەکەش پەیوەستە بە سەرچاوەی داهاتی ئێران. ترەمپ دەڵێت "لەمەودوای هەر وڵاتێک بازرگانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دا بکات، ڕاستەوخۆ %25 باجی گومرگی بەسەردا دەسەپێنن".

بڕیارەکەی ترەمپ، عێراقیش دەگرێتەوە بەو پێیەی حکوومەتی فیدراڵی عێراق بازرگانییەکی فراوانی لەگەڵ ئێران هەیە، بە تایبەت نە کڕین و هاوردەکردنی گازی شل بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.

بڕیارە تازەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، لە سێ هەفتەی ڕابردوودا بەردەوام پەیامی هۆشداریی بە بەرپرسانی ئێرانداوە کە بەرانبەر بە خۆپیشاندەران توندوتیژ نەبن، هەروەها دوێنێ دووشەممە 12ی کانوونی دووەم، ئاشکرایکرد، کە ئێران داوای دانوستانی لە ئەمەریکا کردووە و بەمزووانە کۆدەبنەوە.

لەلایەکی دیکەیەوە کارۆلین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، هەموو بژاردەکان لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمەریکان بۆ چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران، بەڵام واشنتن دەیەوێت بە ڕێگەی دیپلۆماسی کێشەکان چارەسەر بکات و ئەوە خواستی لە پێشینەیەتی، هەرچەندە بژاردەی سەربازیش ئامادەیە.

لیڤیت گووتیشی: لە بارەی دۆخی ناوخۆی ئێران هەموو بژاردەکان لەبەردەم سەرۆک ترەمپ کراوەیە، لە ناویشیاندا بژاردەی سەربازی، لەگەڵ ئەوەشدا بەلای ئێمەوە هەمیشە بژاردەی دیپلۆماسی لە پێشینەیە و دەمانەوێت بە دیپلۆماسی کێشەکان چارەسەر بکەین، چونکە ئەوەی بەرپرسانی ئێران لە میدیاوە بە ڕای گشتی دەڵێن و گوێتان لێدەبێت، جیاوازە لەوەی بە نهێنی شتێکی دیکە دەڵێن؛ بۆیە دڵنیاتان دەکەمەوە سەرۆک ترەمپ دوو دڵ نابێت لە گرتنەبەری هەر بژاردەیەک بەرانبەر بە ئێران، چونکە کەس هێندەی ئەو ئێران ناناسێت.

هەر بەهۆی دۆخی ناوخۆی ئێرانەوە، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێسی ئاشكرا کردووە؛ ئەو دیپلۆماتکارانەی کە زۆر پێویست نین لە باڵیۆزخانەکەیان لە تاران گواستراونەتەوە بۆ وڵاتێکی دیکە.

سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە؛ لە ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممەی ئەم هەفتەیە دیپلۆماتکارەکانیان باڵیۆزخانەی فەرەنسایان لە تاران جهێشتووە و چوونەتە وڵاتێکی دیکە، بەڵام ئاماژەی بە ژمارەی دیپلۆماتەکان و ناوی وڵاتی سێیەم نەکردووە.

هاوکات و ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ داوا لە ئەمەریکییەکانی نیشتەجێی ئێران کردووە، دەستبەجێ ئەو وڵاتە بەجێبهێڵن و هۆشداری پێداون، کە لە ڕێگەی وشکانی و بە پاسپۆرتی ئێرانی ئەو وڵاتە جێبهێڵن، بۆ ئەوەی تووشی هیچ مەترسییەک نەبنەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە بەهۆی ناڕەزاییەکانی ناوخۆی ئێران، دۆخێکی ئاڵۆز دروست بووە.