دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هاوکاریی دەگەیەنێتە 11 هەزار ئاوارەی حەلەب
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای دەکات، کە لە ماوەی کەمتر لە هەفتەیەکدا، نزیکەی 28 هەزار خێزان لە گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییەوە ڕوویان لە عەفرین کردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی سەختی سەرما و بەفربارین کە ژیانی هەزاران منداڵ و ژنی خستووەتە مەترسییەوە.
سیشەممە، 13ـی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی سووریای دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، وردەکاریی دۆخی مرۆیی و هەڵمەتەکانی بەهاناوەچوونی ئاوارەکانی پارێزگای حەلەبی خستەڕوو، کە بەهۆی پێکدادانە سەربازییەکانی سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2026ـەوە ڕوویان لە شاری عەفرین کردووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکە، شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەلەب و سوپای عەرەبیی سووریا، لە گەڕەکەکانی "ئەشرەفییە" و "شێخ مەقسود" لە شاری حەلەب، کە لە ڕێکەوتی 8ـی ئەم مانگە دەستی پێ کردووە، بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە 27 هەزار و 750 خێزان، کە ژمارەکەیان بە نزیکەی 138 هەزار و 750 کەس دەخەمڵێندرێت.
ئامارەکان دەری دەخەن، کە زیاتر لە %90ـی ئەم ئاوارانە ڕوویان لە شاری عەفرین و گوندەکانی دەوروبەری کردووە. تەنیا لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، شەپۆلێکی دیکەی ئاوارەبوون کە نزیکەی 2000 خێزان بوون، ناوچەکەیان جێهێشتووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، تیمەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە عەفرین، بەردەوامن لە پێشکەشکردنی هاوکارییە سەرەتاییەکان. بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان تا کاتژمێر 10ـی شەوی 12ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆی گشتیی 11 هەزار و 480 کەس لە هاوکارییە جۆراوخۆرەکان سوودمەند بوون.
هاوکارییەکان پێکهاتوون لە:
دابەشکردنی ژەمەخۆراکی گەرم بەسەر 9 هەزار و 746 کەسدا.
دابینکردنی پێداویستی وەک (بەتانی، دۆشەک و کەلوپەلی ناوماڵ) بۆ 606 کەس.
دابینکردنی خزمەتگوزاریی پزیشکی و دەرمان بۆ 396 نەخۆش.
چالاکیی دەروونی بۆ 480 منداڵ و دابینکردنی جلوبەرگ بۆ 252 کەس.
پلانی ئەمڕۆی دەزگای خێرخوازیی بارزانی
بۆ ئەمڕۆ دەزگاکە پلانی داناوە بۆ دابینکردنی هەزار و 500 ژەمی گەرم و دابەشکردنی خۆراکی وشک بەسەر سێ هەزار خێزاندا، هاوکات لەگەڵ جووڵاندنی 5 تیمی پزیشکیی گەڕۆک.
گەڕانەوە و ئاڵنگارییەکان
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بە دەستپێکردنی پڕۆسەی گەڕانەوە دەکات، کە تێیدا لە 12ـی کانوونی دووەمی 2026، یەکەم کاروان بە بەشداریی 750 خێزان بە هاوکاریی ئیدارەی خۆجێیی عەفرین گەڕاونەتەوە حەلەب، لەگەڵ گەڕانەوەی خۆبەخشانەی 250 خێزانی دیکە.
هۆکاری نیگەرانییە جیدییەکان
دۆخی ئەمنی: ترس و دڵەڕاوکێی ئاوارەکان لە ئەگەری دەستگیرکردن و لێپێچینەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.. نەبوونی خزمەتگوزاری: وێرانبوونی ژێرخان و خانووەکان لە ناوچەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە.
مەترسی لەسەر تەندروستی: هاتنی وەرزێکی سەختی زستان و بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان، ژیانی منداڵان و بەساڵاچووانی خستووەتە مەترسییەوە.
کەمیی پەناگە: عەفرین بەتەنیا میوانداریی نزیکەی 110 هەزار کەسی کردووە، کە ئەمەش فشارێکی گەورەی لەسەر ژێرخانی ناوچەکە دروست کردووە و پێویستی بە ئامادەکاریی زیاتری پەناگەکان هەیە.
بەخشەرەکان
هەورەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی ستایشی ڕۆڵی بەخشەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی کردووە، لەوانە؛ (Peace Village، KHALSA AID، ZER COMPANY ، Tofin Catholic Church و Media International School)، کە بەشدارییان لە دابینکردنی هاوکاری بۆ هەزاران خێزان کردووە، بەڵام جەخت لەوە دەکاتەوە کە قەبارەی کارەساتەکە پێویستی بە هەوڵی زیاتری ڕێکخراوە مرۆییەکان هەیە کە ئێستا ژمارەیان لە عەفرین زۆر کەمە.


