مووچەی کرێکارانی ژینگە پارێز دیاری کرا
بەپێی ڕەزامەندی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، کەمترین مووچەی کارمەندانی ژینگەپارێز بە 450 هەزار دینار، دیاری کرا.
ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر داوایەکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دا، بۆ ئەوەی کەمترین مووچەی کرێکارانی ژینگە پارێز بە(450) هەزار دینار دیاری بکرێت و لە گرێبەستی نێوان حکوومەت و کۆمپانیاکان جێگیر بکرێت.
دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو مووچەیە کە کەمتر نییە لە 450 هەزار دینار، دەبێت بەرانبەر هەشت کاتژمێری کارکردنی ڕۆژانە بێت.
دەشڵێت: دەبێت ئەو بڕە پارەیەی کە بە کرێکاری ژینگەپارێز دەدرێت، لە ناوەڕۆکی گرێبەستی کرێکار و کۆمپانیادا ئاماژەی بۆ بکرێت و دابین بکرێت.
کرێکارانی ژینگەپارێز، ئەو کەسە گەنج و بەتەمەن و بەساڵاچووانەن کە شەقام و کۆڵانەکانی نیشتمان بەوپەڕی پاک دەکەنەوە و پاشماوەی کەمتەرخەمی ئەوانە هەڵدەگرنەوە کە هێشتا خۆشەویستی نیشتمان لە دڵیان چەکەرەی نەکردووە، ژینگە پارێزان دەزانن هەڵگرتنەوەی هەر زبڵ و خاشاک و پاشماوەیەکی شەقامەکانی نیشتمان، خەباتێکی گەورەیە لەپێناو جوانی و تەندروستی هەمووان.