ئیمارات پێدانی ڤیزا بە عێراقییەکان سنووردار دەکات

دوای جەنگی 12ڕۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دەوڵەتی ئیمارات ڕێکارەکانی پێدانی ڤیزای بۆ هاووڵاتیانی چوار وڵات عێراق توندتر کردووەتەوە. ئەم بڕیارە کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر کەرتی گەشتیاری و گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئیمارات.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای (فلای دوبەی) لە عێراق بە کوردستان24ـی ڕایگەیاندووە، بەهۆی ئەم سنووردارکردنەوە نوێیەی ڤیزە، کۆمپانیاکەیان تووشی کێشەی گەورە بووەتەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە ژمارەی سەرنشینەکانیان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و داوایان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە.

لەلایەکی دیکەوە، بەڕێوەبەری فرۆشتن لە کۆمپانیای (فلای عەرەبیا) ئاماژە بە جۆرێک لە ناڕوونی دەکات و دەڵێت: "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمیمان لە وڵاتی ئیماراتەوە بەدەست نەگەیشتووە کە دیاری بکات ڤیزە بە کێ دەدرێت و بە کێ نادرێت."

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەندامێکی کارگێڕی لە کۆمەڵەی کۆمپانیا گەشتیارییەکان، ڕێکارە نوێیەکان ڕەهەندێکی ئەمنییان هەیە. گرنگترین خاڵەکانی ئەم سنووردارکردنە بریتین لە: هەر کەسێک پێشتر سەردانی ئیماراتی نەکردبێت، لە ئێستادا ڤیزەی پێنادرێت. هەروەها ئەو کەسانەی تەمەنیان بچووکترە، ناتوانن بە تەنیا داوای ڤیزا بکەن و دەبێت بە شێوەی "خێزانی" داواکاری پێشکەش بکەن. پێشتر ڕێژەی ڕەتکردنەوەی (Reject) ڤیزە لە نێوان سەدا 60 بۆ 70 بووە، بەڵام ئێستا بەهۆی بارودۆخە ئەمنییەکەوە ڕێکارەکان توندتر بوونەتەوە.

ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە کە ساڵانە هەزاران هاووڵاتی عێراقی بە مەبەستی گەشتوگوزار و بازرگانی ڕوو لە وڵاتی ئیمارات دەکەن، بەڵام ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکە جارێکی دیکە کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسانکارییەکانی هاتوچۆ و گەشتکردن دروست کردەوە.