بەهای دۆلار لە 148 هەزار دینار نزیک دەبێتەوە
"مەترسییەکی گەورە لەسەر بازاڕەکانی دراو هەیە"
جارێکی دیکە بەهای دینار دابەزینێکی بەرچاوی تۆمارکرد و بەهای 100 دۆلار 147 هەزاری تێپەڕاند، لە 24 کاتژمێردا بەهای دۆلار زیاتر لە هەزار دینار بەرزبووەتەوە، خاوەن نووسینگەیەکی دراو لە سلێمانی دەڵێت: بڕی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکان کەمبووەتەوە و لەبەرانبەردا دینار زیاتر بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، لە بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستان بەهای 100 دۆلار گەیشتە 147 هەزار و 650 دینار، بەراورد بە دوێنێ سێشەممە بەهای دۆلار هەزار و 500 دینار بەرزبووەتەوە.
ئامانج حاجی قادر، خاوەن نووسینگەی دراو لە سلێمانی، بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت: بەهۆی جێبەجێکردنی ڕێنمایی نوێی گومرگی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق و پێنەدانی دۆلار بە بازرگانان، خواست لەسەر دۆلار زیادیکردووە و بازرگانان بۆ ئەوەی کاڵاکان لە دەرەوە هاوردە بکەن، پەنایان بۆ دۆلاری بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو هێناوە، چونکە بانکی ناوەندیی عێراق پاساو بۆ پێدانی دۆلار بە بازرگانان دەهێنێتەوە.
ئامانج حاجی قادر، دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بە تایبەت ئاڵۆزییەکانی ئێران بە هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی خواست و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دەبینێت؛ جەختیکردەوە؛ زیادبوونی خواست لەسەر دۆلار بڕی خستنەڕووی دینار لە بازاڕەکان زیادیکردووە و ئێستا دینار زیاترە لە دۆلار.
بەشێکی دیکەی ناجێگریی بەهای دینار بەرانبەر دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کێشەی دۆلاری شین و سپی دەگەڕێندرێتەوە.
تەحسین خۆشناو، خاوەن نووسینگەی دراو لە هەولێر، مەترسییەکی گەورەی سەر بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراوی بۆ ماڵپەری کوردستان24 ئاشکرا کرد و دەڵێت: دۆلاری سپی و شین بازاڕەکانی دراوی شێواندووە، بەشێک لە بازرگانانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەهۆی ئەوەی وەرگرتنی دۆلاری سپی و شین لە ناوچەکانیان 10 بە 90ـە و لە هەولێر 30 بە 70ـە کردوویانەتە دەرفەتێک بۆ قازانجکردن و بازاڕەکانی دراوی هەرێمی کوردستانیان شێواندووە.
لەبارەی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار، تەحسین خۆشناو، گوتی: دابەزینی بەهای دینار بۆ سەرەتای ساڵی نوێ دەگەڕێتەوە، کۆتایی هەموو ساڵیک بەهۆی بێ پلانی حکوومەتی عێراق بەهای دینار دادەبەزێت و زۆربەی جار تاوەکو کۆتایی مانگی کانوونی دووەم بە ناجێگری دەمێنێتەوە.
بەهای دۆلار بەرانبەر دینار لە ناوەڕاستی مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووەوە ناجێگریی بەخۆیەوە بینیوە، بەهای 100 دۆلار لە ئاستەکانی 142 هەزار دینار بۆ نزیکەی 148 هەزار دینار بەرزبووەتەوە.