هەولێر لەگەڵ چوار ئەستێرە لە گفتوگۆدایە
یاریزانێكی سێریا ئەی ئیتاڵیا لەگەڵ هەولێر لە گفتوگۆدایە
هەولێر بەهێزەوە هاتووەتە نێو بازاڕی گواستنەوەی زستانە، لەگەڵ دوو یاریزانی عێراقی و دوو یاریزانی پیشەگەر لە گفوگۆدایە، عەلی جاسم دیارترین یاریزانە كە بووەتە ئامانجی نوێنەرە كوردستانییەكەی پایتەختی كوردان.
هەولێر یەك ملیار دیناری بۆ عەلی جاسم تەرخان كردووە
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر لەگەڵ عەلی جاسم هێرشبەری لاوی هەڵبژاردەی عێراق دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی ئەو هێرشبەرە 21 ساڵانە لە مێرکاتۆی زستانە بگوازێتەوە ریزەکانی.
عەلی جاسم، هێرشبەری نەجمی سعوودی لە خولی رۆشنی سعوودی لە 14 یاری 3 گۆڵی کردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە ئەم یاریزانە عێراقییە هێشتا یاریزانی کۆمۆی ئیتاڵییە و ئێستا بە خواستن یاریی بۆ یانە سعوودییەکە دەکات.
کوردستان24 زانیویەتی، یانەی هەولێر ئامادەیە 750 هەزار دۆلار بە عەلی جاسم بدات بۆ ئەوەی لەم شەش مانگە درێسی یانەکەی قەڵاومنارە بپۆشێت، واتە هەولێر ئامادەیە بە ملیارێک دینار عەلی جاسم بگوازێتەوە کە پێشتر عەلی جاسم لە عێراق درێسی یانەکانی کارەبا و قوە جەوییەی پۆشیوە.
هەولێر بۆ گواستنەوەی مستەفا سەعدوون لەسەرهێڵە
هەولێر لەگەڵ مستەفا سەعدوون بەرگریکاری شوڕتە لەسەر هێڵە و دەیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە ریزەکانی، ئەمەش لە كاتێكدایە مستەفا سەعدوون بڕیاریداوە لە یانەکانی بەغدا بەردەوام نەبێت و چیدیکە لە یانە جەماوەرییەکانی بەغدا یاریی نەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەی هەولێر ئۆفەرێکی پێشکەشی مستەفا سەعدوون کردووە و ئەو بەرگریکارەش ئارەزوو دەکات درێسی یانەکەی قەڵاومنارە بپۆشێت، بەڵام هێشتا نازانرێت شوڕتە دەستبەرداری بەرگریکارەکەی دەبێت یان نا.
ناوەراستكارێكی ئەرجەنتینی درێسی هەولێر دەپۆشێت
لە لایەكی دیكەوە یانەی هەولێر لەگەڵ کریستیان بارکۆ ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەو یاریزانە 25 ساڵانە لەم هەفتەیە دەبێتە یاریزانی یانەی هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، یانەی هەولێر لەگەڵ کریستیان بارکۆ ناوەڕاستکار و یاریسازی ئەرجەنتینی گەیشتووەتە رێککەوتن کە لە خولی بۆلیڤیا یاریی دەکات و درێسی یانەی گوابیرای بۆلیڤی دەپۆشێت.
بارکۆ کە لە بۆرسەی یاریزانان بەهایەکەی نزیکەی نیو ملیۆن یۆرۆیە، لەم وەرزە لە بۆلیڤیا لەگەڵ یانەکەی لە 36 یاری 11 گۆڵ و 8 ئەسیستی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو بگاتە هەولێر.
لە ماوەی 48 كاتژمێر یاریزانێكی پیشەگەر دەگاتە هەولێر
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 یانەی هەولێر لەگەڵ ئێسیێن ئێدیدێم ناوەڕاستکاری نەیجیری گەیشتووەتە رێککەوتن و ئەو یاریزانە 27 ساڵانە لە ماوەی 48 کاتژمیری داهاتوو دەگاتە هەولێر و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی قەڵاومنارە واژۆ دەکات.
ئێسیێن ئێدیدێم لە هێڵی ناوەڕاست وەکو یاریزانی چەق یاریی دەکات و یاریزانی یانەی تۆبۆل کۆستانی کازاخستانییە و پێشتر لە لیبیا و رووسیاش یاریی کردووە و گواستنەوەی یاریزانێکی ئیرتیکاز یەکێک بووە لە داواکارییەکانی باسم قاسم راهێنەری هەولێر.