3 یانەی گەورەی ئەورووپا بۆ ئەلۆنسۆ لەسەرهێڵن

ئەلۆنسۆ بۆ راهێنەرایەتی مانچێستەر سیتی بەربژێرە

فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری پێشووی یانەكە
فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆكی ریال مەدرید لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆ راهێنەری پێشووی یانەكە

دوای تەنیا چەند کاتژمێرێک لە نەمانی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانەی ریاڵ مەدرید، چەندان یانەی ئەورووپا بۆ رازیكردنی چابی ئەلۆنسۆ لە كێبڕكێ دان، لە سەرووی هەموویانەوە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی.
رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری پێشووی یانەکە ئامانجی سێ یانەی دیاری ئەوروپایە. یانەکانیش بریتین لە مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول و بایرن میونشن، ئەو سێ یانەیە لە ئێستاوە بۆ وەرزی داهاتوو، بیر لەوە دەکەنەوە راهێنەرەکەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید رازی بە وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەکەیان بکەن.
رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی دوای نزیکەی 24 کاتژمێر لە وازهێنانی ئاڵۆنسۆ بڵاویکردەوە، یانەكانی مانچێستەر سیتی، لیڤەرپوول و بایرن میونشن هەریەكەیان خاوەنی سێ راهێنەری دیار و بەناوبانگن، بەڵام ئەوان پێیانوایە ئاڵۆنسۆ باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی یانەکەیان لە لوتکە رابگرێت.
رۆژنامەی ئاس بڵاویشی کردەوە، یانەی مانچێستەر سیتی لە هەمووان زیاتر بیر لە دیاریکردنی چابی ئاڵۆنسۆ دەکات لە شوێنی پێپ گواردیۆلا، چونکە ئەو راهێنەرە كەتەلۆنییە هێشتان دیار نیە وەرزی داهاتوو لەگەڵ یانەکەی بەردەوام دەبێت یاخود نا.
لەلایەکی دیکەوە ئەنجامە خراپەکانی یانەی لیڤەرپوولیش وایکردووە، بەرپرسانی یانەکە بیر لەوە بکەنەوە بۆ وەرزی داهاتوو، چابی ئاڵۆنسۆ لە شوێنی ئارنێ سلۆتی راهێنەری هۆڵەندی یانەکەیان دیاری بکەن، بۆیە رەنگە بژاردەی بەهێزی راهێنەرە ئیسپانیەکە یانەکەی پێشووی بێت.
یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیاش چاوەڕێ کۆتایی ئەم وەرزە دەکات، ئەگەر ڤینسێنت کۆمپانی راهێنەری بەلجیکی یانەکە نەیتوانی، لە کۆتایی ئەم وەرزە ناسناوی چامپیۆنزلیگ بۆ یانەکەی بباتەوە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر ئاڵۆنسۆ شوێنی دەگرێتەوە.