لە کۆشکی سپی کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوە لەسەر گرینلاند دەکرێت
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، لکاندنی گرینلاند بە خاکی ئەمەریکاوە هاوپەیمانیی ناتۆ بەهێزتر دەکات و بۆ ئاسایشی نەتەوەیی وڵاتەکەی پێویستە، ئەمڕۆش بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسە کۆبوونەوەیەکی باڵا لە کۆشکی سپی بەڕێوە دەچێت، هەرچەندە سەرۆک وەزیرانی گرینلاند دۆخەکە بە قەیرانی جیۆپۆڵەتیکی ناو دەبات و ڕاشکاوانە دەڵێت: گرینلاند موڵکی ئەمەریکا نییە و ناکڕدرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی کانوونی دووەمی 2026، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز و یەکلاکەرەوە لە کۆشکی سپی سەبارەت بە داهاتووی دوورگەی گرینلاند بەڕێوە دەچێت. بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا هەریەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ لارس لۆک، وەزیری دەرەوەی دانیمارک و ژمارەیەک لە بەرپرسانی گرینلاند کۆدەبنەوە. ئامانجی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی لکاندنی دوورگەکە بە ئەمەریکا و گوێگرتنە لە ناڕەزایەتییەکان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: ئەمەریکا پێویستی بە دوورگەی گرینلاندە، چونکە بۆ ئاسایشی نەتەوەییمان گرنگییەکی زۆری هەیە.
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە دەڵێن ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی لاوازبوونی پەیوەندییەکان، ترەمپ دەڵێت: بە کۆنترۆڵکردنی گرینلاند لەلایەن ئەمەریکاوە، هاوپەیمانیی ناتۆ بەهێزتر دەبێت نەک لاوازتر. جەختیشی کردووەتەوە بە کەمتر لەوە ڕازی نابن.
لە بەرانبەردا، یێنس فرێدریک نیڵسن، سەرۆک وەزیرانی گرینلاند لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاند: ئێستا ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانێکی جیۆپۆڵەتیکی بووینەتەوە.
نیڵسن گوتیشی: ئەگەر ناچار بکرێین لە نێوان ئەمەریکا و دانیمارک یەکێکیان هەڵبژێرین، بێگومان دانیمارک، ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا هەڵدەبژێرین.
سەرۆک وەزیرانی گرینلاند پەیامێکی ڕوونی ئاراستەی واشنتن کرد و گوتی: شتێک هەیە دەبێت هەمووان لێی تێبگەن؛ گرینلاند لەلایەن ئەمەریکاوە خاوەندارێتی ناکرێت و بەڕێوە نابردرێت، ئێمە ئەو گرینلاندە هەڵدەبژێرین کە بەشێکە لە شانشینی دانیمارک.
هاوکات هاووڵاتییانی گرینلاند نیگەرانیی خۆیان لە لێدوان و هەڕەشەکانی ترەمپ دەردەبڕن و جەخت دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان بۆ فرۆشتن نییە. دانیشتووانی دوورگەکە ئەو پاساوانەی ترەمپ ڕەت دەکەنەوە کە باس لە بوونی مەترسیی کەشتیی چینی و ڕووسی دەکات.
یەکێک لە هاووڵاتییان بە تەنزەوە بە میدیاکانی ڕاگەیاندووە: هیچ کەشتییەکی چینی و ڕووسی لێرە بوونی نییە، تەنیا شتی چینی کە من لێرە بیبینم، ئەو کاتەیە کە دەچم خواردنی خێرا (Fast Food) دەخۆم.