موسەننا ئەمین: پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی هیچ حزبێک نییە
موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، جەختی کردەوە کە پۆستی سەرۆک کۆمار هەرچەندە پشکی کوردە، بەڵام موڵکی هیچ حزبێکی دیاریکراو نییە، هاوکات ئاشکرای کرد کە بەشێکی زۆری لایەنەکان بەڵێنی پشتیوانییان پێ داوە.
چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، موسەننا ئەمین، پەرلەمانتاری عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، لە میانەی بەشداری لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا گوتی: پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی پێکهاتەی کوردە لە عێراق، بەڵام "تاپۆی هیچ حزبێکی سیاسیی دیاریکراو نییە" و دەبێت وەک مافێکی نیشتمانیی کورد سەیر بکرێت.
هاوکات تیشکی خستە سەر پرۆسەی پەسەندکردنی کاندیدەکان و ئاماژەی بەوە دا، کە هۆکاری ڕەتکردنەوەی زۆربەی کاندیدەکان، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی مەرجی "ئەزموونی سیاسی"، چونکە پۆستی سەرۆک کۆمار پێویستی بە کۆمەڵێک مەرجی یاسایی و دەستووری هەیە کە دەبێت لە کەسی کاندیددا هەبێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موسەننا ئەمین جەختی لەسەر گرنگیی یەکدەنگیی ماڵی کورد کردەوە و گوتی: "پێویستە لایەنە کوردییەکان لەسەر کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ئەمە پشکی کوردە نەک پشکی حزبێک."
ناوبراو ڕەتیکردەوە کە کاندیدبوونی بۆ مەرامی شەخسی بێت و ڕایگەیاند: من بۆ هیچ دەستکەوتێکی کەسی، خۆم بۆ ئەم پۆستە کاندید نەکردووە.
سەبارەت بە پشتیوانیی لایەنەکان، کاندیدەکەی سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرای کرد، کە تا ئێستا جووڵانەوەی نەوەی نوێ هەڵوێستی خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە کە دەنگ بە کێ دەدەن، بەڵام لە بەرانبەردازۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی دەنگ بە من بدەن.
موسەننا ئەمین ئاماژەی بە پشتیوانیی جەماوەریش کرد و گوتی: زیاتر لە 60%ـی هاووڵاتییان پێیان باشە من ئەو پۆستە وەربگرم، لێرەوە سوپاسی متمانەیان دەکەم کە من بە شایستەی ئەو ئەرکە دەزانن.
ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، لیستی ناوی ئەو کەسانەی بڵاوکردەوە کە مەرجە یاساییەکانیان بۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق تێدایە.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، 15 کەس لە کۆی گشتی ئەو کەسانەی داواکارییان پێشکەش کردبوو، مەرجە یاساییەکانیان تێدا بەدی کراوە و ناویان لە لیستی کۆتاییدا جێگیر کراوە.
لیستی ناوی کاندیدە پەسەندکراوەکان بەم شێوەیەیە:
1. شوان حەوێز فەریق نامیق
2. ئەحمەد عەبدوڵڵا توفیق ئەحمەد
3. حوسێن تەها حەسەن محەممەد سنجاری
4. نەجمەدین عەبدولکەریم حەمەکەریم نەسروڵڵا
5. ئاسۆ فەرەیدون عەلی
6. سامان عەلی ئیسماعیل شالی
7. سەباح ساڵح سەعید
8. عەبدوڵڵا محەممەد عەلی زاهیر
9. عەبدولەتیف محەممەد جەمال ڕەشید شێخ محەممەد
10. ئیقبال عەبدوڵڵا ئەمین حلێوی
11. نزار محەممەد سەعید محەممەد کەنجی
12. سەردار عەبدوڵڵا مەحموود تایمز
13. فوئاد محەممەد حوسێن بەگی
14. موسەننا ئەمین نادر
15. نەوزاد هادی مەولوود