کەشناسیی هەرێم: شەپۆلی بەفر و باران بەردەوام دەبن و پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شەپۆلی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان تا سبەی بەیانی بەردەوام دەبێت و پێشبینی دەکرێت لە درەنگانی ئەمشەودا تێکەڵەی بەفر و باران سەنتەری شارەکانی سلێمانی و هەڵەبجە بگرێتەوە.
چوارشەممە، 14ـی کانوونی دووەمی 2026، بەشی پێشینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، لە نوێترین ڕاگەیەنراویدا پێشبینییەکانی بۆ دۆخی کەشوهەوای ئەمشەو و سبەی بەیانی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بە دابەزینی پلەکانی گەرما و بەردەوامیی شەپۆلی بەفربارین کرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی کەشناسی، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو نمەبارانی پچڕپچڕ لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تا نیوەشەو بەردەوامی هەبێت. هاوکات شەپۆلی بەفربارین لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی نزیکن لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، تا سبەی بەیانی پێنجشەممە بەردەوام دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی پێشبینییەکاندا هاتووە، لە کاتەکانی درەنگانی ئەمشەو و دوای نیوەشەو، ئەگەری بارینی "تێکەڵەی بەفر و باران" لە سەنتەری شاری سلێمانی و هەڵەبجە لە ئارادایە.
سەبارەت بە پلەکانی گەرما، کەشناسی ڕوونی کردووەتەوە کە نزمترین پلەکانی گەرما بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ، زیاتر ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن و هاوکات دیاردەی تەمومژ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دروست دەبێت، کە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مەودای بینین.
ئاماری باران و بەفری 12 کاتژمێری ڕابردوو:
زاخۆ: 19.9ملم
دهۆک: 12.8ملم
سلێمانی: 8.9ملم
پیرمام: 5.2ملم باران + 3 سم بەفر
چەمچەماڵ: 4.5 ملم
هەولێر: 2.8 ملم