ترەمپ: کوشتن و لەسێدارەدانی خەڵکی ئێران ڕاگیراوە
دۆناڵد ترەمپ،سەرۆکی ئەمەریکا لە نوێترین هەڵوێستیدا سەبارەت بە ئێران ڕایگەیاند، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی کوشتن و لەسێدارەدانی خەڵک لە ئێران ڕاگیراوە و بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکان دەکەن.
درەنگانی شەوی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی، ڕایگەیاند "لەسەرچاوەیەکی نزیکەوە پێمان گوتراوە کە کوشتنەکان لە ئیران ڕاگیراون، پێموایە ڕاگیراون و وە ڕاشدەگیرێن، هەروەها ئێران پلانی نییە بۆ لەسێدارەدانی کەسێک یاخود کۆمەڵە کەسێکی دیکە لە داهاتوودا. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە چاودێریی دەکەین و بەزوویی بۆمان دەردەکەوێت، بەڵام گەر کوشتن بەردەوام بێت، ئێمە زۆر نیگەران دەبین."
هاوکات، ڕۆژنامەی واڵستریت جۆرناڵی ئەمەریکی، لە ژمارەی ئەمڕۆی خۆیدا نووسیویەتی" دۆناڵد ترەمپ لە هێرشکردنەسەر ئێران پاشگەز بووەتەوە."
ڕۆژنامەکە، نووسیویەتی: جێگری سەرۆک و وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ژمارەیەک بژاردەیان خستووەتە بەردەمی ترەمپ سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران. لە بژاردەکاندا وەشاندنی گورزی سەربازی نییە، بەڵام سەپاندنی سزا، هێرشی ئەلیکترۆنی و پشتیوانیکردنی خۆپیشاندەرانی لە ڕێگەی دابینکردنی ئینتەرنێتەوە تێدایە."