ئەوقافی گەرمیان: ڕێگە نادەین مینبەری مزگەوت بۆ هێرشکردنە سەر هیچ کەسێک بەکار بهێنرێت
بەهۆی دروستبوونی گرژی لە وتاری ئەمڕۆی مزگەوتی (دایک) لە کەلار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی گەرمیان هاتە سەر هێڵ. بەڕێوەبەرایەتییەکە وێڕای ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر کەسایەتییەکان لەنێو مزگەوتدا، بڕیاری لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دا.
هەینی، 16ـی کانوونی دووەمی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقافی گەرمیان، ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی ئەو گرژییە بڵاوکردەوە کە ئەمڕ لە مزگەوتی (دایک) لە قەزای کەلار ڕوویدا و، تێیدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ بەدواداچوونی وردی بابەتەکە دەرکرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئەوقافی گەرمیان، گرژییەکە لە کاتی پێشکەشکردنی وتاری هەینیدا دروست بوو، کاتێک مامۆستای وتارخوێن باسی لە "کۆمەڵێک بابەتی لابەلا و دەرەوەی چوارچێوەی وتار" کردووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گفتوگۆیەکی توند و ناڕەزایەتی لە نێوان وتارخوێن و ژمارەیەک لە نوێژخوێنان، کە دواجار نیگەرانیی لای ئامادەبووان دروست کردووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئەوقاف لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەسەر پابەندبوون بە ڕاسپاردەکانی "کۆنفرانسی ڕێکخستنی گوتاری ئاینی" کردووەتەوە.
لە خاڵی یەکەمی ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە: بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە هیچ مامۆستایەکی وتارخوێن، چ بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، لە کاتی وتار و لەنێو حەرەمی مزگەوتدا هێرش بکاتە سەر هیچ کەس، لایەن، یان گرووپێک.
سەبارەت بە کاریگەریی ئەو جۆرە ڕووداوانە، ئەوقافی گەرمیان ئاماژەی بەوە کردووە کە تێکدانی کەشی مەعنەویی وتار و دروستبوونی ئاڵۆزی لەنێو نوێژخوێناندا، زیان بە ئارامی و شکۆی مزگەوتەکان دەگەیەنێت، کە ئەمەش دیاردەیەکی نەخوازراوە و جێگەی قبووڵکردن نییە.
هەروەها ئەوقافی گەرمیان دەڵێت: بڕیارمان داوە بە پێکهێنانی لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ لێکۆڵینەوە و گەیشتن بە ڕاستیی و دروستیی بابەتەکە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە، کە دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، بەپێی یاسا و ڕێنماییە کارپێکراوەکان مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکەدا دەکەن.