هاوپەیمانیی عەزم: بە شێوەیەکی فەرمی نازانین کێ کاندیدی سەرۆک وەزیرانە
ئەندامێکی هاوپەیمانیی عەزم، ڕایگەیاندووە، ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی تاوەکو ئێستا بە شێوەیەکی فەرمی لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی پێنەگەیشتووە.
هەینی 16ـی کانوونی دووەمی 2026، نەجات ئەلتایی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەزم ئاشکرای کرد، هێزە سوننەکان بە ڕێژەی 90% بژاردەکانیان سەبارەت بە بەشداریکردن لە حکوومەتی داهاتووی عێراق یەکلایی کردووەتەوە، بەڵام چوارچێوەی هەماهەنگی تاوەکو ئێستا بە فەرمی ناوی کاندیدی سەرۆک وەزیرانی یەکلایی نەکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەنجوومەنی سیاسی نیستمانی کە نوێنەرایەتی هێزە سوننەکان دەکات، بە پشت بەستن بە زانیاری فەرمی مامەڵە لەگەڵ پرسی دەستنیشانکردنی سەرۆک وەزیران دەکات نەک لە ڕێگەی زانیاری میدیاکان.
جەختی لەوە کردووەتەوە، هیچ پشتڕاستکردنەوەیەک لە لایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە نییە کە کەسێکی دیاریکراویان دەستنیشان کردبێت بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، بۆیە ئەو ئاماژانەی کە هەن ئەوە نیشان دەدەن کە ڕەنگە چوارچێوەکە بەرلەوەی دەنگدان لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە، کاندیدی کۆتایی خۆی ڕابگەیێنێت.
ئەم لێدوانەی نەجات ئەلتایی ئەندامی هاوپەیمانی عەزم دوای ئەوە دێت، دووشەممە، 12ـی کانوونی دووەمی 2026، ڕەحیم عەبودی، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە کە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، محەممەد شیاع سوودانی هێشتا بەڵگەنامەی کشانەوەی لە کاندیدبوون بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران پێشکەشی چوارچێوەی هەماهەنگی نەکردووە، کاندیدبوونی نووری مالیکیش یەکلایی نەبووەتەوە، چونکە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی کێشەی لەسەرە.
عەبودی دەشڵێت: گەر چوارچێوەی هەماهەنگی نەگەنە کۆدەنگی لەسەر یەکلایکردنەوەی کاندیدێک، ئەوا بە دەنگدان کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاریی دەکەن.
هاوکات، عەبدولڕەحمان جەزائیری، نزیک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ نووری مالیکی کاندیدی کۆتایی نییە، چونکە ڕەوتی حیکمە و عەسائیب ئەهلولحەق بە کاندیدبوونی ڕازی نین، هەروەها ڕەنگە مەرجەعییەتی باڵای شیعەکانیش کاندیدبوونی مالیکی قبوڵ ناکات، مەرجەعیەت پاشەکشەی لەو بنەمایە نەکردووە کە تاقیکراوەکان تاقی ناکرێنەوە.
پێشتر سەرچاوەیەکی سیاسیی ئاگادار، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، محەممەد شیاع سوودانی، لە دوایین کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی لە کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کشاوەتەوە و ڕێگەی بۆ نووری مالیکی خۆش کردووە.