دابەزینی نرخی نەوت، دارایی عێراق دەخاتە ژێر مەترسی

ئاڵای عێراق و ژمارەیەک کێڵگەی نەوت (وێنەکە دروست کراوە)
ئاڵای عێراق و ژمارەیەک کێڵگەی نەوت (وێنەکە دروست کراوە)

دابەزینی خێرای نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەی جیهان، عێراق دەخاتە بەردەم مەترسی و فشارێکی زۆر گەورەی دارایی.

 تەنیا لە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، (15ـی کانوونی دووەمی 2026)، نرخی نەوت بەڕێژەی زیاتر لە 3% دابەزینی بەخۆیەوە بینی. هۆکاری ئەو دابەزینە خێرایە بۆ ڕووداوەکانی ڤەنزوێلا و گرتنەبەری ڕێکاری نوێی ئیدارەی ئەمریکا و بڕیاری تره‌مپ بۆ دواخستنی بژارده‌ی سه‌ربازی دژی ئێران دەگەڕێتەوە.

3ی ئه‌م مانگه،‌ نیکۆلاس مادۆرۆ، سه‌رۆکی ڤەنزۆێلا و هاوسه‌رەکەی لەلایەن هێزەکانی ئەمەریکاوە ده‌ستگیرکران. ئەم وڵاتە خاوەنی گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی نه‌وتی جیهانییە. ڕاسته‌وخۆ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆکی ئەمەریکا نیازی وڵاته‌کەی بۆ کۆنترۆڵکردنی کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی ڤه‌نزوێلا ڕاگه‌یاند. ئەو گوتی ئامانجی ئەو ئۆپەراسیۆنەیان بۆ دابه‌زاندنی نرخی نه‌وتە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی پێگەی 'کوارتز'، تره‌مپ هەوڵ دەدات نرخی یەک بەرمیل نەوت بۆ $50 دۆلار دابه‌زێنێت. لە ئێستاوە ئاماژەکانی ئەو دابەزینە دەرکەوتوون. تەنیا ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، (15ـی کانوونی دووەمی 2026)، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بەوپێیەی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ $64.43 دۆلار و بەڕێژەی 3.14% دابەزی. 

سەرچاوەکانیش جەخت دەکەنەوە بڕیاری تره‌مپ بۆ دواخستنی کردەی سه‌ربازی دژی ئێران هۆکارێکی ئەو دابەزینەیە.

عێراق بە یه‌که‌م وڵاتی نه‌وتیی سه‌ر ئاستی جیهان دادەنرێت لە پشتبه‌ستن بە داهاتی نەوت بۆ ئابوورییەکەی. بەڕێژەی زیاتر لە 90%ی بودجەکەی لە نەوتەوەیە. بەگوێرەی په‌یمانگه‌ی واشنتن بۆ توێژینەوە، نرخی پێویست بۆ پاراستنی هاوسەنگی بودجەی عێراق بۆ هەر بەرمیلێک پێویستە لە $84 دۆلار کەمتر نەبێت. لەگەڵ خولانەوەی نرخی نەوت لە دەوروبەری $60 بۆ $65 دۆلار، عێراق کەوتووەتە بەردەم فشار و مەترسییەکی دارایی تۆقێنەر. تەنیا لە ماوەی $9 مانگی یەکەمی ساڵی $2025 ڕێژەی کورت هێنانی بودجەی عێراق گەیشتە $8.81 ترلیۆن دینار.

داتاکان جەخت دەکەنەوە دوو لەسەر سێی بودجەی عێراق بۆ مووچە دەڕوات. هەر دابەزینێکی نرخی نەوت کاریگەری زۆر گەورەی لەسەر دارایی ئەو وڵاتە دەبێت. لەوانەیە لە ئەگەری دابەزینی زیاتری نرخی نەوت، دابەشکردنی مووچە دوا بکەوێت و قەبارەی قەرزەکانی سەر دەوڵەتیش گەورەتر بێت. 

ئەگەرچی لەگەڵ هاتنی هەر حكوومەتێکی نوێیش بۆ دەسەڵات لە عێراق بانگەشەی فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات دەکەن، بەڵام تا ئێستاش پشتبەستن بە داهاتی نەوت لەو وڵاتە سنووری $90%ی دانەبەزاندووە. ئەمەش وای کردووە عێراق بەردەوام دیلی هەڵبەز و دابەزی نرخی نەوت بێت.