شاندێکی کوردستان بەشداری لە گەورەترین پێشانگەی گەشتیاریی جیهان دەکات

دیمەنی بەشداری پێشووتری شاندی هەرێم
دیمەنی بەشداری پێشووتری شاندی هەرێم

شاندێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک کۆمپانیای گەشتیاری، بۆ ناساندنی کەرتی گەشتیاریی کوردستان بە جیهان، دەچێتە وڵاتی ئیسپانیا و کۆڕبەندێکی هاوبەش لەگەڵ ئەو وڵاتە ئەنجام دەدات.

سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردن لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند؛ لە ڕێککەوتی 21ـی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 25ـی کانوونی دووەمی 2026، شاندێکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە پێشانگەی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی فیتور لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا دەکات.

پێشانگەی گەشتیاریی نێودەوڵەتیی فیتور بە چوارەمین گەورەترین پێشانگەی گەشتیاری لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و نوێنەری زیاتر لە 156 وڵات تێیدا بەشدارن. شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە؛ دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتیی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاریی کوردستان، ژمارەیەک لە کۆمپانیا گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان.

هەر لە چوارچێوەیەدا، بڕیارە لە ڕێککەوتی 26ـی کانوونی دووەمی 2026، کۆڕبەندێکی گەشتیاریی هاوبەش لە نێوان شاندی گەشتوگوزاری کوردستان و وەزارەتی گەشتوگوزاری ئیسپانیا بەڕێوەبچێت.

ئەم کۆڕبەندە بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری کۆمپانیاکانی کوردستان و ئیسپانیا ئەنجام دەدرێت، بە ئامانجی پەرەپێدانی پەیوەندییە گەشتیارییەکان و ڕاکێشانی گەشتیارانی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.