پێشانگەیەکی شێوەکاریی تایبەت بە یادەوەرییەکانی ئەنفال کرایەوە

هونەرمەندی شێوەکار، عوسمان ئەحمەد، پێشانگەیەکی شێوەکاریی تایبەتی خۆی لەژێر ناونیشانی "هێڵەکانی من یادەوەرییەکی زیندووە" لە سلێمانی کردەوە.

هەینی، 16ی کانوونی دووەمی 2026، هونەرمەندی شێوەکار، عوسمان ئەحمەد، دەربارەی کردنەوەی پێشانگەکەی، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نزیکەی 40 ساڵە لەگەڵ ئەم پرۆژەیەدا خەریکم و بە پرۆژەی تەمەنمی دەزانم. خۆم شایەتحاڵی ئەنفال بووم و بە رێکەوت رزگارم بوو، بۆیە ویستوومە کە ئەو شتانەی بەچاوی خۆم بینیومە بکەم بە دۆکیومێنت تا لە یادی گەنجەکانی ئێمەدا بمێنێتەوە و دونیای لێ بە ئاگا بێنم.

عوسمان ئەحمەد گوتیشی: پەیوەندییەکی زۆرباشم لەگەڵ هێڵکاری هەبوو و زۆر لەناخمەوە نزیک بوو،  ئەوە بووە رێچکەیەکی زۆرباش بۆ من کە بتوانم ئەو ئازار و ئەشکەنجە و مەینەتیانەی ئەنفال کە لە خەڵکم بیستووە، یان بەچاوەکانی خۆم بینیومن، تۆمار بکەم و لەم پێشانگەیەدا پیشانی بدەم.

دەربارەی گرنگی مۆزەخانە و هەڵگرتنی وەکو ئەرشیف، عوسمان ئەحمەد گوتی: گرنگە ئێمەیش مۆزەخانەیەکمان هەبێت و بتوانین ئەو شتانەی خۆمان ئەرشیف بکەین و هەڵی بگرین، وەکو هەموو ئەو وڵاتانەی تر کە ڕووداوی ناخۆشی وەکو ئێمەیان بەسەر هاتووە، هەموو مۆزەخانەیان هەیە، هەروەها خەڵک و بیانییەکان کە سەردانی ئەو مۆرەخانەیە دەکەن لێی بە ئاگا دەبن و دەتوانم ئایندەیەکی گەشتر بۆخۆیان و وڵاتەکەیان فەراهەم بکەن، ئەو پرۆژەیەی منیش بەئاگا هێنانەوەی تاکی کوردە لەو هەموو کارەساتەی کە بەسەر میللەتەکەماندا هاتووە.

هونەرمەندی شێوەکار، عوسمان ئەحمەد، لە ساڵی 1962 لە سلێمانی لەدایک بووە، کارەکانی لە پێشانگەکانی ئەورووپا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نمایش کراون، بە یەکێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی کوردستان لەبواری شێوەکاری ناسراوە.

ئەم پیشانگەیە تا رۆژی سیشەممە، 20ـی کانوونی دووەم بەردەوام دەبێت.