سەباح نوعمان بۆ کوردستان24: بە ئامێری پێشکەوتوو سنوورەکانی عێراق و سووریا تەنراون

ئەمڕۆ یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە کوردستان24 رایگەیاند، سنوورەکانیان لەگەڵ سووریا تۆکمەن و لەگەڵ دیمەشق هەماهەنگی ئەمنیمان هەیە بۆ پاراستنی سنوورەکان.

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق تایبەت بەکوردستان24 راگەیاند: سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بەتەواوی کۆنترۆڵکراون، ئامادەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی ئەمنی نەخوازراو.

گووتیشی؛ سنوورەکانمان بە ئامێری پێشکەوتووی تەکنەلۆجی و هێزی تەواو تەنراون لەگەڵ سووریا، هیچ دەرفەتێک بۆ پێشێلکاری ئەمنی نییە و بەردەوام لە ژێر چاودێریدان.

ئاماژەی بەوەشکرد؛ لە سنووری نەینەوا هەماهەنگیان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسی تیرۆر لە سنوورەکانەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکات، ئاشکراشیکرد: کە هەماهەنگی ئەمنییان لەگەڵ دیمەشق هەیە سەبارەت بە سنوورەکان.