لە بەنزینخانەیەکی هەولێر لەبری نەوت بەنزین بەسەر ژمارەیەک خێزاندا دابەشکراوە

بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵەیەکی هونەرییەوە لە یەکێک لە بنکەکانی دابەشکردنی نەوت، ژمارەیەک خێزان لەبری نەوتی سپی، بەنزینیان پێدراوە و ئێستا ئاگادار کراونەتەوە بۆ هێنانەوەی.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، سالار محەممەد، لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "لە بنکەی 207 لە شاری هەولێر، رووداوێکی نەخوازراو روویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک هاووڵاتی لەبری وەرگرتنی بەشە نەوتی خۆیان، بەنزینیان پێدراوە."

سەبارەت بە چۆنیەتی روودانی هەڵەکە، ئەو بەرپرسە ڕوونی کردەوە، "هەڵەکە لە کاتێکدا بووە کە کارمەندەکان ویستوویانە خەزانی دابەشکردنەکە پڕ بکەن، بەڵام بە هەڵە لەبری نەوت، بەنزینی تێکراوە."

بە گوتەی سالار محەممەد، هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر بەنزینی وەک بەشە نەوتی خۆی وەرگرتووە، ئێستاش سەرجەم ئەو خێزانانە ئاگادار کراونەتەوە کە بەنزینەکە بگەڕێننەوە بۆ بنکەکە، تاوەکو لە بەرامبەردا بەشە نەوتی مافی خۆیان پێ بدرێت.

پێشتر لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاندبوو، "ڕۆژی شەممە 17ـی کانوونی دووەمی 2026، پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لەناو شاری هەولێر دەستپێدەکات و یەکەم وێستگەی دابەشکردنیش لە بنکەی 207 لە بەنزینخانەی گەل دەبێت."

سەبارەت بە نرخ و بڕی ئەو نەوتەی دابەش دەکرێت، ئەو بەرپرسە ئاشکرای کرد، هەر خێزانێک بڕی 100 لیتر نەوتی بە نرخی 31 هەزار دینار پێ دەدرێت.

لێپرسراوی پشکنین و بەدواداچوون جەختیشی کردەوە، دابەشکردنی سووتەمەنی تەنیا لە ڕێگەی "کارتی ئەلکترۆنیی سووتەمەنی"ـیەوە دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکات بە زووترین کات سەردانی بریکارەکانیان بکەن بۆ دەرھێنان یان وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، تاوەکو لە مافی وەرگرتنی بەشە نەوتەکەیان بێبەش نەبن.