سامی جەلال: بەغدا دۆسیەی گومرگی کردووەتە پرسێکی سیاسی و دەستوور پێشێل دەکات
ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆ و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری سیستەمی ئەسیکۆدا ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی فیدراڵ هەموو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە گومرگییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێشێل کردووە و بە مەبەستی دروستکردنی کێشە، پرسێکی ئابووریی وەک گومرگی کردووەتە بابەتێکی سیاسی.
دکتۆر سامی جەلال، ڕاوێژکاری یاسایی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، تیشکی خستە سەر مێژووی کێشە گومرگییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و ئاماژەی بەوە کرد،ئەم گرفتانە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە سەریان هەڵداوە.
ناوبراو ڕوونیکردەوە، عێراق لەو سەردەمەدا بە بڕیاری ژمارە 305 خاڵی گومرگیی لەنێوان شارەکاندا دانا و بە نایاسایی باجی دووبارەی لەو کاڵایانە وەردەگرت کە لە هەرێمەوە دەچوونە ناوچەکانی دیکەی عێراق، کە ئەم شێوازە تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە.
سەبارەت بە هەوڵەکانی یەکخستنی پێناسەی گومرگی، سامی جەلال ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2019 بە بڕیاری ژمارە 13 لێکتێگەیشتنێکی باش هاتە ئاراوە و بڕیاردرا پێناسەیەکی یەکگرتوو پەیڕەو بکرێت، بەڵام لایەنی عێراقی پابەندی بەدواداچوونەکان نەبوو، بە پێچەوانەوە، لە ساڵی 2022 بە بڕیاری ژمارە 62 و دواتریش لە ساڵی 2025 بە بڕیاری ژمارە 270، بەغدا بە تاکلایەنانە دەستکاری نرخەکانی پێناسەی گومرگی کردووە و هەموو سکاڵا یاساییەکانی هەرێمیشی لەو بارەیەوە ڕەت کردووەتەوە.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی تیمی دانوستانکاری هەرێم بۆ سیستەمی (ئەسیکۆدا) جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان ئەو سیستەمە ئەلیکترۆنییەی بەغدا جێبەجێ ناکات، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە بڕیارەکە تاکلایەنانە بووە و سیستەمەکەش کۆنە و لە وڵاتانی جیهانی سێیەم پەیڕەو دەکرێت، لە کاتێکدا ئەو سیستەمەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان کارا کراوە، زۆر پێشکەوتووتر و هاوچەرخترە.
لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە، دکتۆر سامی جەلال ئاماژەی بە ماددەی 114ی دەستووری عێراق کرد کە دەڵێت بەڕێوەبردنی گومرگەکان دەبێت بە شێوەیەکی هاوبەش بێت، بۆیە هەر بڕیارێکی تاکلایەنە لەلایەن بەغداوە بە نادەستووری دادەنرێت. هەروەها جەختی لە ماددەی 115 کردەوە کە دەڵێت، لە کاتی هەبوونی هەر ناکۆکییەک لە نێوان ناوەند و هەرێم لەسەر دەسەڵاتە هاوبەشەکان، ئەوا لەپێشینە بۆ یاسا و بڕیارەکانی هەرێمی کوردستانە.
دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان و داهاتی گومرگ یەکێکە لە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای ساڵی 2003، هەرچەندە چەندین لیژنەی هاوبەش بۆ یەکخستنی سیستەمی گومرگی و باج پێکهێنراون، بەڵام جیاوازیی دیدگای سیاسی و ئابووری و ململانێ لەسەر دەسەڵاتە دەستوورییەکان، هەمیشە ڕێگر بوون لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کۆتایی کە بەرژەوەندیی هەردوولای تێدا پارێزراو بێت.