ئەمریکا: ڕێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق ئاسانکاری بۆ ئاوێتەبوونی کورد دەکات
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، وێڕای پێشوازیکردن لە ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە، ڕایدەگەیەنێت کە ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە دابەشبوون دەهێنێت و قۆناغی تێکەڵبوونەوەی هێزەکان و بنیاتنانی سووریایەکی یەکگرتوو و گشتگیر دەست پێ دەکات.
یەکشەممە 18ـی کانوونی دووەمی 2026، تۆمار بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ستایشی حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەکات بۆ ئەو هەوڵە بنیاتنەرانەیان لە گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەستی ئەمڕۆ، کە ڕێگە خۆش دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ و هەماهەنگی بەرەو سووریایەکی یەکگرتوو.
بەڕاک ئاماژەی داوە، ئەو دوو سەرکردەییە، کە هەڵگری دیدگایەکی هاوبەشن بۆ ڕزگارکردنی وڵات و گەلەکەیان لە ستەمکاری، ئێستا یەکیان گرتووە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەشتر بۆ هەموو سوورییەکان. ئەم ڕێککەوتن و ئاگربەستە خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگە، کە تێیدا نەیارانی پێشوو هاوبەشی هەڵدەبژێرن لە جیاتی دابەشبوون.
جەختیشی کردووەتەوە، کورد بەشێکی دانەبڕاون لە سووریا، و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ئومێدەوە دەڕوانێتە تێکەڵبوونەوەی بێ کێشەی هاوبەشە مێژووییەکەمان لە جەنگی دژی داعش لەگەڵ نوێترین ئەندامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، لە کاتێکدا بەرەو پێش دەچین لە جەنگی بەردەوام و درێژخایەن دژی تیرۆر.
نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا دەشڵێت: کاری سەختی یەکلاکردنەوەی وردەکارییەکانی ڕێککەوتنێکی گشتگیری تێکەڵبوونەوە ئێستا دەست پێدەکات و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە هەموو قۆناغێکدا بە توندی پشتیوانی ئەم پرۆسەیە دەکات هاوکات بەرژەوەندییە گرنگەکانی ئاسایشی نیشتمانیمان دەپارێزین لە تێکشکاندنی پاشماوەکانی داعش و برەودان بە پلانی بوێرانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ڕاشیگەیاندووە، ویلایەتە یەکگرتووەکان بەتایبەتی هاندراوە بەم هەوڵە بەردەوامە بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش، کە ئاسانکاری دەکات بۆ هاتنە ناوەوەی تەواوەتی هاوبەشە کوردەکانمان بۆ ناو سووریایەکی یەکگرتوو و گشتگیر کە بەرژەوەندی و مافەکانی هەموو هاووڵاتییانی دەپارێزێت لە هەمان کاتدا برەودان بە ئامانجە هاوبەشەکانی ئاشتەوایی و یەکێتیی نیشتمانی لە ڕێگەی یەکخستنی ئاڕاستە جیاوازەکانی بەرژەوەندی بۆ یەک ڕێڕەوی یەکگرتوو بەرەو پێشەوە.