ئەنەکەسە داوای چەسپاندنی مافی کورد لە دەستووری سووریا دەکات

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ( ئەنەکەسە) لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ـی ئەحمەد شەرع کرد. ئەنجوومەنەکە بڕیارەکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی سەرژمێریی نائاسایی و داننان بە مافە کولتوورییەکانی کورد بە هەنگاوێکی ئەرێنی پێناسە دەکات و داوای چەسپاندنی ئەو مافانە لە دەستووری نوێی وڵاتدا دەکات.

یەکشەممە، 18ـی کانوونی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە)، ڕاگەیەنراوێکی سەبارەت بە مەرسوومی سەرۆکایەتیی سووریا/ ژمارە 13ی ڕێکەوتی 16ی کانوونی دووەمی 2026 بڵاوکردەوە و تێیدا هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد.

ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە کە بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لەو مەرسوومە دەکات کە لە لایەن ئەحمەد شەرعەوە دەرچووە. بە پێی ڕاگەیەنەاوەکە، ئەم بڕیارە کورد وەک بەشێکی سەرەکی و ڕەسەن لە گەلی سووریا دەناسێنێت و دان بە مافە ڕۆشنبیری و کلتوورییەکانی دەنێت.

خاڵێکی گرنگی دیکە کە ئەنجوومەنەکە جەختی لەسەر کردووەتەوە، بڕیاری "هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی سەرژمێرییە نائاساییەکەیە"، کە بە هۆیەوە دەیان ساڵە دەیان هەزار هاووڵاتیی کورد لە مافی هاووڵاتیبوون بێبەش کرابوون. هەروەها دیاریکردنی جەژنی نەورۆز (جەژنی نەتەوەیی کورد) وەک جەژنێکی نیشتمانی لە سەرتاسەری سووریا، بەرز دەنرخێنن.

ئەنەکەسە ئەم مەرسوومە بە "هەنگاوێکی ئەرێنی و یەکەمین نزیکبوونەوەی فەرمی" پێناسە دەکات کە بە ئاشکرا و ڕاستەوخۆ باس لە پرسی مافەکانی کورد بکات. بەڵام جەخت دەکاتەوە کە ئەمە تەنیا سەرەتایەکە بۆ چارەیەکی گشتگیر و دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، کە پرسێکی سیاسی و نیشتمانییە.

ڕاگەیەنراوەکە داوا دەکات ئەم دانپێدانانە پەرەی پێ بدرێت بۆ "دانپێدانانی دەستووری بە مافە نەتەوەییەکان" و مسۆگەرکردنی شەراکەتی ڕاستەقینە لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە: "ئەم مەرسوومە دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی جدی و بەرپرسانە لە نێوان حکوومەتی سووریا و شاندی کوردیی هاوبەش".

ئامانجی ئەم گفتوگۆیەش، بە بڕوای ئەنجوومەنەکە، دەبێت گەیشتن بێت بە چارەیەکی بەردەوام کە مافە ڕۆشنبیری، زمانەوانی، نەتەوەیی و سیاسییەکانی گەلی کورد لە چوارچێوەی "دەوڵەتێکی دیموکراتیی فرەیی و لامەرکەزی"دا بچەسپێنێت، کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان پارێزراو بێت.

ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد داوای ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ و پابەندبوون بەو ئاگربەستە دەکات کە ئەمڕۆ ڕاگەیەندراوە. داواش دەکات ئەم دەرفەتە بۆ قووڵکردنەوەی دیالۆگی سیاسی و نیشتمانی بەکار بهێنرێت بۆ پتەوکردنی ئاشتیی ناوخۆیی و یەکڕیزیی وڵات لەسەر بنەمای دادپەروەری.