رێکخراوی ئۆکسفام: سیاسەتەکانی ترەمپ هەژاری قوڵتر کردووەتەوە

ئەمرۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، رێکخراوی "ئۆکسفام" بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە سامانی ملیاردێرەکانی جیهان بازدانێکی بێوێنەی بەخۆیەوە بینیوە و هۆکارەکەشی راستەوخۆ بۆ سیاسەتە ئابوورییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەگەرێنێتەوە.

بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی کۆربەندی ئابووریی جیهانی لە داڤۆس، رێکخراوەکە رایگەیاندووە؛ کەمکردنەوەی باج لەسەر دەوڵەمەندەکان، کەمکردنەوەی کۆت و بەندەکان لەسەر کۆمپانیاکان کەمبوونەوەی چاودێری لەسەر قۆرخکاری، بوونەتە هۆی ئەوەی کەلێنی نایەکسانی ئابووری لە جیهاندا بگاتە ئاستێکی پێوانەیی.

ژمارەکان چی دەڵێن؟
بەپێی راپۆرتەکە، ساڵی رابردوو سامانی ملیاردێرەکانی جیهان سێ هێندەی ساڵانی پێشوو بە خێرایی زیادی کردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لە مێژوودا، تەنیا لە ساڵی 2025دا، سامانی ملیاردێرەکان لە جیهاندا بە رێژەی 16% هەڵکشاوە و گەیشتووەتە 18.3 ترلیۆن دۆلار، کە ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی گەورەیە بە رێژەی 81% بەراورد بە ساڵی 2020.

ئۆکسفام هۆشداری دەدات کە ئەم دەوڵەمەندبوونە خێرایە لە کاتێکدایە کە لە هەر چوار کەسێک لە جیهاندا، یەکێکیان بەدەست دابینکردنی خۆراکی رۆژانەوە گرفتارە و نزیکەی نیوەی دانیشتوانی زەوی لە هەژاریدا دەژین.

هۆکارەکان و کاریگەرییەکان
توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە زیادبوونی سامان هاوتایە لەگەڵ زیادبوونی دەسەڵاتی سیاسی، بە جۆرێک ئەگەری وەرگرتنی پۆستی سیاسی لەلایەن ملیاردێرەکانەوە 4 هەزار جار زیاترە لە هاووڵاتییانی ئاسایی. هەروەها بەرزبوونەوەی بەهای کۆمپانیاکانی زیرەکی دەستکرد (AI) هۆکارێکی دیکەی زیادبوونی سامانی وەبەرهێنەرەکان بووە.

رێکخراوەکە کە بارەگاکەی لە نایرۆبییە، خەمڵاندوویەتی کە ئەو 2.5 ترلیۆن دۆلارەی ساڵی رابردوو بۆ سامانی ملیاردێرەکان زیاد بووە، یەکسانە بە کۆی سامانی 4.1 ملیار کەسی جیهان.

پێشهاتە نوێیەکان
بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، ژمارەی ملیاردێرەکانی جیهان 3 هەزار کەسی تێپەراند و ئیلۆن مەسک، خاوەنی کۆمپانیاکانی تێسلا و سپەیس ئێکس، بووە یەکەم کەس کە سامانەکەی 500 ملیار دۆلاری تێپەراندبێت.

ئۆکسفام ئاماژەی بەوەش داوە، ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان وەک نەرویج باج لەسەر سامان وەردەگرن، لە کاتێکدا وڵاتانی وەک بەریتانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا خەریکی تاوتوێکردنی هەنگاوی هاوشێوەن.