سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرەو داڤۆس بەڕێکەوت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەرەو سویسرا بەڕێکەوت بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، سەرۆکی حکوومەت زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لەگەڵ سەرۆک و سەرکردە باڵاکان و خاوەنکارانی جیهانی دەکات بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە.
هەروەها باس لە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتە جۆراوجۆرەکان بە ئامانجی بنیاتنانی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، بەشداری زیاتر لە هەزار سەرۆک، سەرکردە و بەرپرسی وڵاتان، 56ـەمین کۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە داڤۆس بەڕێوەدەچێت و تا ڕۆژی هەینی، 23ـی ئەم مانگە، بەردەوام دەبێت.
بەشداربووان، پێشنیار و چارەسەری خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئالنگارییە هەنووکەییەکان دەخەنەڕوو. ئەم جگە لەوەی لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا، دەیان رێککەوتنی ئابووری و ئاسایشی لە نێوان حکوومەت و کۆمپانیاکاندا واژۆ دەکرێت.
تەوەرەکانی کۆڕبەندەکە
1. تەوەرەی یەکەمی کۆڕبەندەکە، وەڵامی پرسیاری "چۆن دەتوانین لە جیهانێکی پڕ لە کێبڕکێدا بە هەرەوەزی کار بکەین؟" دەداتەوە. لە کاتێکدا زلهێزەکانی جیهان لە کێبڕکێ و ململانێی توند و بەردەوامدان بۆ گۆڕانکاری لە سەنگی هێز و سەپاندنی هەژموونی خۆیان، کۆڕبەندەکە دەیەوێت ببێتە دەرچەیەک بۆ کارکردنی هەرەوەزیی، کۆمپانیا، حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر و هەنگاوی پێویست.
2. تەوەری دووەم، قسەکردن دەبێت لەبارەی، "چۆن دەتوانین سەرچاوەی نوێی گەشەکردن بدۆزینەوە؟" دۆزینەوەی رێگەچارە بۆ ئەم پرسە گرنگە بۆ کۆمپانیا و حکوومەتەکان و خەڵک بە گشتی، چونکە ئێستا بەهۆی سیاسەتی نا دڵنیایی وڵاتان و شەڕ لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا، ئاڵوگۆڕی بازرگانی سەخت بووە. وڵاتان سیاسەتی ئابووری بۆ سەپاندنی سزا و وەک چەک بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەیارەکانیان بەکاردەهێنن.
3. هەرچی تەوەری سێیەمیشە، تایبەتە بە هەڕەشەکانی تەکنەلۆجیا، بە دیاریکراویش زیرەکیی دەستکرد. لەم چوارچێوەیەدا سەرنج دەخرێتە سەر ئەوەی، "چۆن بتواندرێت باشتر وەبەرهێنان لە مرۆڤەکاندا بکەین؟" بۆ ئەوەی توانا و بەرهرەی تاکەکان بەرەوپێشەوە بچێت و مەترسی لەدەستدانی کار و بێکاری کەمبکرێتەوە، چونکە بە گوێرەی ئامارەکانی کۆڕبەندەکە، لە پێنج ساڵی داهاتوودا، 22%ـی کارەکان لە جیهان گۆڕانکارییان بەسەردادێت، ئەمەش زۆربەی بەهۆی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لەلایەن کۆمپانیا و حکوومەتەکان.
4. لە تەوەری چوارەمدا، کۆڕبەندەکە هەوڵدەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، کە "چۆن دەتوانین داهێنان بە قەبارەیەکی پێویست و بە بەرپرسیارانە بڵاو بکەینەوە؟" خێرایی گەشەکردن و بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد خەریکە دەبێتە مەترسی بۆ سەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگە و گۆڕانی ژینگە و سیاسەتی کارکردنی کۆمپانیا و پیشەسازییەکان. زۆربەی وڵاتانیش، داوای سنوورداکردنی دەستڕاگەیشتنی زیرەکی دەستکرد بە زانیارییەکان، بەتایبەت زانیارییە کەسییەکان دەکەن.
5. پێنجەمین تەوەری کۆڕبەندی ئابووریی جیان گفتوگۆکردن دەبێت لەبارەی ئەوەی "چۆن دەتوانین لە چوارچێوەی سنوورەکانی سەلامەتیی زەویدا خۆشگوزەرانی بنیات بنێین؟" گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژێرخانی ئابووری، سیستەمی خۆراک و ئیکۆسیستەمی سروشتی درووست کردووە. ئەمەش وایکردووە پێویستی چارەسەری دۆستی ژینگەیی زیاتر بکات.