ئاراس خۆشناو: داڤۆس دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناساندنی پێشکەوتنەکانی هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، دکتۆر ئاراس خۆشناو، سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 تیشکی خستە سەر گرنگیی بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس.

ئاراس خۆشناو ڕایگەیاند: "سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە پەراوێزی کۆڕبەندەکەدا زیاتر لە 20 دیداری گرنگ لە ئاستە باڵاکان و لەگەڵ چەندین کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنانی جیهانی لە یەک کات و شوێندا ئەنجام دەدات."

ئاماژەی بەوەش کرد؛ سروشتی داڤۆس وایە کە بڕیارەدەستەکان، بازرگانان و دەسپێشخەرەکان لەوێ کۆدەبنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی بڕیاردان و جێبەجێکردنی کارەکان.

سەبارەت بە ناوەڕۆکی دیدارەکان، خۆشناو گوتی: "بەشی هەرە زۆری دیدارەکانی سەرۆکی حکوومەت تیشک دەخەنە سەر ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژینگە، ئابووریی، کۆمەڵایەتی و سەقامگیرییەوە، ژینگەیەکی لەبار و کراوەیە بۆ پێشوازیکردن لە وەبەرهێنانی بیانی."

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیژی باسی لەوەش کرد؛ هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا، سەرەڕای هەموو ئالنگارییەکان، توانیویەتی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات بەردەوام بکات. 

ئاراس خۆشناو جەختیشی کردەوە؛ داڤۆس دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ناساندنی ئەو پێشکەوتنانە و هاندانی وەبەرهێنەرانی زیاتر بۆ ئەوەی ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن.