کەمال عەلی: گۆرانییەکانم دەبردرێن و ئاماژە بەناوی من نادەن

هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کەمال عەلی، لەو چاوێکەوتنە تایبەتەیدا تیشک دەخاتە سەر گۆرانییەکانی ئەو سەردەمە و باس لەنوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت: من بۆ ئەمساڵ پڕۆژەیەکی نوێی هونەریم هەیە، ئەویش زيندووكردنەوەی بەرهەمێکی شیرینی خۆمە بەناوی "کامە غەریب دێ".

ئەمڕۆ سێشەممە، 20ی کانوونی دووەمی 2026، هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کەمال عەلی، دەربارەی ئەوەی کە بۆچی ماوەیەکە بێدەنگە و هیچ بەرهەمێکی نەبووە، بۆ کوردستان24 گوتی: بەهۆی جەنجاڵی و زۆر و بۆری ئەمڕۆی دونیای ھونەری کوردیدا، حەزم کردووە خۆم بەدوور بگرم لەکاری هونەری، بەتایبەتی ئەو لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا، چونکە خودی خۆم حەزم لە بەرھەمی زۆر و بۆر نییە و ساڵی بەرھەمێکی پوخت لە چەند بەرھەمێکی کرچ و کاڵ پێ باشترە، بەرهەمی باش بە هونەرمەند و دەنگبێژی باش دەکرێت، بە کەسانێک ناکرێت تەنیا حەز بە دەرکەوتن بکەن و گوێ بە کوالێتی بەرهەمەکە نەدەن، منیش دەمەوێ هەر بەرهەمێک تۆمار بکەم، لەلای خەڵک بمێنێتەوە و بەدڵیان بێت.

کەمال عەلی، باس لەوە دەکات کە لەلایەن بەشێک لە هونەرمەندان گۆرانییەکانی دەگوترێتەوە و ئاماژە بەناوی ئەو نادەن و دەڵێت: بەداخەوە، بەرهەمی من دەگوترێتەوە و هیچ ئاماژەیەک بە ناوی من نادەن، ئەو کارە من زۆر نیگەران دەکات، چونکە کە بەرهەمێک موڵکی منە، بۆ ئاماژە بە بەناوی من نادەی، من نازانم ئەو هەست نەکردنە بە بەرپرسیارێتی کارێکی باش نییە، بۆیە من تا ئێستە ھچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆم بۆ ئەو کارە نەبووە، ئەویش لەبەر ڕێزگرتن لە خۆمان و بەرامبەرەکانم هیچم نەگوتووە، بەڵام لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەو کردارانە بە دڵنیاییەوە ھەڵوێستی جددیم دەبێت.

ئەو هونەرمەندە زیاتر ئاماژەی دا: گوێگر ئازاده له هەڵبژاردنی ئەو ستايل و گۆرانيیانەی كه حەز و ئارەزووی خۆیەتی و بەدڵ و ڕۆح گوێبیستی دەبێت و چێژی لێوەردەگرێت، بەڵام من پەسەندی گۆرانی خاو و حەزین و هەڵقوڵاوی ناخی خودی هەونەرمەندەکە دەکەم، بەدڵنیاییەوە ئەو بەرهەمانەیش لای خەڵکی دەمێنێتەوە، بەرهەمی باش هەمیشە لەسەر زاری خەڵکە، بەرهەمی خراپیش هەر دوو ڕۆژە و لای خەڵک کاڵ دەبێتەوە و گوێگر ناتوانێ هەزمی بکات، بۆیە  هونەرمەندی باش دەبێ بەرهەمی باش پێشکەش بە گوێگرەکانی خۆی بکات.

دەربارەی تێکەڵبوونی لەگەڵ زیرەکی دەستکرد، کەمال عەلی دەڵێت: پێموایە زيرەكی دەستكرد، زيانێکی زۆر بە هونەر و خودی هونەرمەندەکە دەگەیەنێت و هیچ ئاسانکارییەک بەدی ناکرێت، چونکە دەنگە ڕەسەنەکە تێک دەدات و هەمووی تێکەڵ دەبێت، کە بە زیرەکی دەستکرد بەرهەمێک تۆمار دەکرێ، ئەوە دەنگی تۆ نییە، بەڵکو ئەوە دەنگی دەستکردە، هونەرمەندی ڕاستەقینە نابێ خۆی لە ژیری دەستکرد نزیک بکاتەوە، داوا لە هەموو هونەرمەندانیش دەکەم خۆیان لە ژیری دەستکرد بپارێزن و دەنگە ڕەسەن و ڕاستەقینەکەی خۆیان با هەر بمێنێتەوە.

کەمال عەلی باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و گوتی: من بۆ ئەمساڵ پڕۆژەیەکی نوێی هونەریم هەیە، ئەویش زيندووكردنەوەی بەرهەمێکی شیرینی خۆمە بەناوی "کامە غەریب دێ" بەمزوانە تۆماری دەکەم و بڵاویدەکەمەوە و هیوادارم بە دڵی هەموو هەوادارە خۆشەویستەکانم بێت.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ، کەمال عەلی، لە سلێمانی لەدایک بووە و ئێستە لە دەرەوەی وڵات دەژیت، خاوەنی چەندین بەرهەمی هونەرییە و گۆرانییەکانی لەناو خەڵکیدا باوە و هەواداری تایبەتی خۆی هەیە.