کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێک ئاڕاستەی کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێکی سەرتاسەریی ئاراستەی ڕەوەندی کوردستانی لە هەموو وڵاتانی جیهان کرد، تا بە مەبەستی ڕێگریکردن لە کۆمەڵکوژی و ڕاگرتنی هێرشەکانی سووپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان، دەست بە چالاکی و فشارە دیپلۆماسییەکانیان بکەن.

ئەم هەڵوێستەی کۆنفیدراسیۆن لە چوارچێوەی ئەو ڕۆڵە مێژووییە دێت کە وەک ناوەندێکی نەتەوەیی بۆ یەکخستنی دەنگی کورد و پشتیوانیکردن لە هەر چوار پارچەی کوردستان گێڕاویەتی،ئەم هەوڵانەش هاوتەریبن لەگەڵ پێداگریی بەردەوامی سەرۆک بارزانی لەسەر پاراستنی گەلی کوردستان و پاراستنی شکۆ و ژیانی هاووڵاتییان لە هەر شوێنێکی جیهان بن.

لەو بانگەوازەدا، کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بە توندی سەرکۆنەی هێرشە سەربازییەکانی سووپای عەرەبیی سووریا و توندڕەو و شۆڤێنییە عەرەبییەکان کراوە و وەک هەوڵێکی ئاشکرا بۆ تێکدانی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد وەسف کراوە، کۆنفیدراسیۆن جەختی کردووەتەوە کە ئەو هێرشانە نادیدەگرتنی هەموو بنەما مرۆییەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەت کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوا قوربانیی گەورەی لە پێناو ئارامیی جیهان و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشدا داوە.

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی داوا لە کوردانی نیشتمانپەروەر لە تاراوگە دەکات، بە شێوەیەکی شارستانی و سەردەمییانە بڕژێنە سەر شەقامەکانی ئەورووپا و جیهان، بەتایبەتی لە شارەکانی کۆڵن و هانۆڤەری ئەڵمانیا و شارە گەورەکانی دیکە، تا دەنگی مەزڵوومییەتی ڕۆژئاوا بگەیەننە ناوەندە بڕیاردەرەکان،ئامانج لەم جووڵانەوەیە دروستکردنی گوشاری نێودەوڵەتییە بۆ وەستاندنی دەستبەجێی هێرشەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە ڕاگواستنێکی زۆرەملێی دانیشتووان.

هاوکات لەگەڵ ئەم بانگەوازە جەماوەرییە، کۆنفیدراسیۆن هەنگاوی دیپلۆماسیی فەرمی گرتووەتە بەر و بە نووسراوی فەرمی ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئەورووپا و وڵاتانی کاریگەری لە مەترسییەکانی بارودۆخی ئێستای ڕۆژئاوای کوردستان ئاگادار کردووەتەوە، داواش کراوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و گفتوگۆی سیاسی بکاتە جێگرەوەی شەڕ و توندوتیژی.

ئەم جووڵە نەتەوەییەی ڕەوەندی کوردستانی لە 20 / 1 / 2026 ڕاگەیەندراوە، وەک دووپاتکردنەوەیەک بۆ ئەو ڕاستییەی کە فشارە سەربازییەکان ناتوانن خواستی ئاشتی و ئازادی لە لای گەلی کورد لەناو بەرن و ڕەوەندی کوردیش وەک پشتیوانێکی هەمیشەیی بۆ مافە ڕەواکانی گەلەکەیان لە سەنگەری پێشەوەدا دەمێنێتەوە.