دیمەشق: دەستمان بە ڕێکخستنەوەی دۆخی کەمپی هۆل کردووە
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕایگەیاند هێزەکانیان دەستیان کردووە بە کۆنترۆڵکردن و ڕێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی کەمپی هۆل، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیاند و بڕیارە لە ئەمشەوەوە ئاگربەستی سەرتاسەری بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
سێشەممە، 20ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی دۆخی کەمپی هۆلیان لە ڕۆژهەڵاتی حەسەکە دەست پێ کردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ ڕاستەوخۆ دەستیان کردووە بە ڕێکخستنەوە و کۆنترۆڵکردنی دۆخی ئەمنی لە کەمپی هۆل.
ئەم پێشهاتە مەیدانییە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، کە تێیدا گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشـی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەبارەی چەند پرسێکی پەیوەست بە ئاییندەی پارێزگای حەسەکە پشتڕاست کردەوە.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممەوە، ئاگربەست لە تەواوی کەرتەکانی سوپای سووریادا دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
لە بەرانبەردا، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) هەڵوێستی خۆیان ئاشکرا کرد و پابەندبوونی تەواوی هێزەکانیان بە بڕیاری ئاگربەستەکە ڕاگەیاند، جەختیشیان لەوە کردەوە کە ئەوان دەستپێشخەری بۆ هیچ کردەوەیەکی سەربازی ناکەن.