ئەحمەد شەرع پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە دەکات
ئەحمەد شەرع بۆ سەرۆک بارزانی: مافی سیاسی و مەدەنی کورد لە سووریا پارێزراوە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا پەیوەندی تەلەفۆنی بە سەرۆک بارزانی کرد و دوایین گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و پاراستنی مافەکانی گەلی کوردیان تاوتوێ کرد.
سەرۆکایەتی کۆماری سووریا بڵاوی کردەوە، لەو پەیوەندییەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی بەردەوام کرایەوە بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش و دۆزینەوەی ڕێگەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سەرۆکایەتی کۆماری سووریا، ئەحمەد ئشەرع لەو پەیوەندییەدا دووپاتی کردووەتەوە کە تەواوی مافە نیشتمانی، سیاسی و مەدەنییەکانی کورد لە سووریا پارێزراون.
لە بەرامبەردا، سەرۆک بارزانی پشتگیری خۆی بۆ ڕێککەوتنی ئەمدواییەی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕیوە و ئەم هەنگاوەی بە گرنگ و پۆزەتیڤ وەسف کردووە.
هەروەها هەردوولا لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە بۆ مسۆگەرکردنی ئاشتی و بەرژەوەندی گشتی لە ناوچەکەدا، پێویستە پرۆسەی ڕاوێژ و هەماهەنگی هاوبەش لەنێوانیاندا بەردەوام بێت. ئامانجی ئەم هەماهەنگییە چارەسەرکردنی جیاوازییەکان و کارکردنە بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو لایەک بکات.
ئەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە لە ڕێکەوتی 20ی 1ی 2026 ئەنجامدراوە، لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتنی سیاسی لەنێوان دیمەشق و لایەنە کوردییەکان چڕتر بوونەتەوە، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە پێکدادان و دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتەکان لە چوارچێوەی وڵاتێکی سەقامگیردا.