فەرەنسا داوای مانۆڕی سەربازیی لە گرینلاند دەکات

دوورگەی گرینلاند، وێنە 'AFP'
دوورگەی گرینلاند، وێنە 'AFP'

لەبەرامبەر هەڕەشەکانی سەرۆکی ئەمریکا، فەرەنسا داوا لە هاوپەیمانانی ناتۆ دەکات مانۆڕێکی سەربازی لە دوورگەی گرینلاند ئەنجام بدەن و خۆشی بەشدار دەبێت لە مانۆڕەکە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتی فەرەنسا راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە، پاریس دەیەوێت هاوپەیمانی ناتۆ مانۆرێکی سەربازی لە دوورگەی گرینلاند ئەنجام بدات و ئامادەیی خۆشی بۆ بەشداریکردن لەو مانۆڕە راگەیاند، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ دەیەوێت ئەو دوورگەیە بە ئەمریکا ببەستێتەوە.

کۆشکی ئیلیزێ ئاماژەی بەوەشداوە، هەڕەشەکانی ترەمپ کاریگەریی نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و زلهێزەکانی ئەوروپا هەیە نێوانیان ئاڵۆز بووە.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس قسەبکات.

چەندین وڵاتی ئەوروپی لەوانە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا و دانیمارک هێزێکی سەربازیان کە لە 37 سەرباز پێکهاتووە رەوانەی دوورگەی گرینلاند کردووە. 

رەوانەکردنی ئەم هێزە، ترەمپی تووڕە کردووە و هەڕەشەی لە هاوپەیمانەکانی کردووە کە لەم مانۆڕانەدا بەشدارن و باجی نوێی تا 25%ـیان بەسەردا دەسەپێنێت.

گرینلاند کە دوورگەیەکی دەوڵەمەندە بە کانزاکان ترەمپ پێداگری لەسەر دەکات کە بۆ ئاسایشی ئەمریکا و ناتۆ لەبەرامبەر ڕووسیا و چیندا زۆر گرنگە.

کاتێک ڕۆژنامەنووسان پرسیاریان لە ترەمپ کرد، تا چەند ئامادەیە بچێتە ناو گرینلاندەوە، لەوەڵامدا گوتی "دەبینن"، ئاماژەی بەوەشکردووە، پێموایە شتێک ڕوودەدات کە زۆر ئەرێنی دەبێت بۆ هەمووان.

چەند رۆژێک لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی 'تروس سۆشیاڵ' نووسیبووی، ماوەی 20 ساڵە هاوپەیمانی ناتۆ بە دانیمارک دەڵێت، هەڕەشەکانی رووسیا لە دوورگەی گرینلاند دوورخەوە، بەڵام بەداخەوە، دانیمارک بێ توانا بوو لە دوورخستنەوەی ئەو هەڕەشانە.

ترەمپ جەختیشی کردەوە، ئێستا کاتی ئەوەیە خۆمان ئەو کارە بکەین و هەڕەشەکان لە دوورگەی گرینلاند دوورخەینەوە.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەرەتای ساڵی ڕابردوو لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی 'تروس سۆشیاڵ' وێنەی نەخشەی نوێی ئەمەریکای بڵاوکردەوە و لەسەر نووسی بوو "زۆر گرنگە ئەمریکا خاوەنی گرینلاند بێت". هەروەها لە نەخشەکەدا کەنەداشی بە بەشێک لە ئەمەریکا دەست نیشان کردبوو.