ئیتاڵیا %40ـی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕێت و کارگەکانی دەهێنێتە کوردستان
پەیوەندییە بازرگانی و پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا چوونەتە قۆناغێکی نوێی ستراتیژییەوە. هاوکات لەگەڵ گەیشتنی سەرۆک بارزانی بۆ رۆما و دیدارەکانی لەگەڵ پاپای ڤاتیکان و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە، ئامارە ئابوورییەکان دەریدەخەن؛ ئیتاڵیا وەک هاوبەشێکی سەرەکیی بازرگانیی هەرێم دەبینرێت، بەتایبەت لە بوارەکانی پزیشکی، کشتوکاڵ و وزە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: " 2025 ساڵێکی وەرچەرخان بوو لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی هەرێمی کوردستان. تەنیا لە رێگەی وەزارەتی بازرگانییەوە 90 مۆڵەتی هاوردەکردن بۆ کاڵا ئیتاڵییەکان بە بازرگانان دراوە، کۆی بەهای هاوردەکردن گەیشتووەتە 73 ملیۆن دۆلار".
کاڵا هاوردەکراوەکان لە بواری جیاوازدان، ئامارەکان دەریدەخەن؛ ئامێری پزیشکی پێشکەوتوو، ئامێری کارەبایی، پەینی کیمیایی و بنەتۆی فریز و گوڵ، پارچەی یەدەگ و پێداویستییەکانی ئۆتۆمبێل زۆرترین ئەو کاڵایانەن لە ئیتاڵیاوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون.
ئیتاڵیا تەنیا هەناردەکار نییە، بەڵکو کڕیارێکی گەورەی نەوتی هەرێمە. بەگوێرەی پێگەکانی تایبەت بە گواستنەوەی وزە، نزیکەی %30 بۆ %40ـی کۆی نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردەی ئیتاڵیا دەکرێت، ئەمە وای کردووە پەیوەندییەکە لە بازرگانییەکی ئاساییەوە بۆ هاوبەشییەکی ستراتیژی بگۆڕێت.
سەردانەکەی ئەمڕۆی سەرۆک بارزانی بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان، جگە لە رەهەندە سیاسییەکەی بۆ پشتیوانیکردنی کوردانی رۆژئاوا و چەسپاندنی پێکەوەژیانی ئاینی، گەرەنتییەکی بەهێزە بۆ بەردەوامی ئەم پڕۆژە ئابوورییانە. ناساندنی هەرێمی کوردستان وەک ناوەندێکی ئارام و پێکەوەژیان لە لای پاپا لیۆی چواردەیەم، متمانەی زیاتر بە وەبەرهێنەرانی ئیتاڵی و جیهانی دەدات تاوەکو لە کەرتی بازرگانی و پیشەسازی پەرە بە کارەکانیان لە کوردستان بدەن.
11ـی شوباتی 2025، لە شاری رۆماى ئیتاڵیا، بە سەرپەرشتيی سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی ئابووريی کوردستان - ئیتاڵیا، بە هەماهەنگی و ئامادەبوونی بێگهرد تاڵهبانى، وەزیری کشتوکاڵ و سهرچاوهكانى ئاو و محهمهد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان بەڕێوەچوو.
لەمیانەی کۆڕبەندەکە شاندی حکوومەتی هەرێم چەند چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ وەزیری ژینگە و ئاسایشی وزەی ئیتاڵیا، گیلبێرتۆ پێچیتۆ فراتین، و جێگری وەزیری کشتوکاڵی ئیتاڵیا ئهنجام دا. هەروهها رێککەوتنێک بۆ ئاوەدانکردنەوەی شوێنە گەشتیاریيەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ كرا.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئێستا کار لەسەر راکێشانی کارگە پیشەسازییەکانی ئیتاڵیا دەکات بۆ ناوچە پیشەسازییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت لە بواری پیشەسازیی خۆراک و بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتون، تاوەکو سوود لە شارەزایی ئیتاڵیا لە بوارە جیاوازەکان وەربگیرێت.