حکوومەتی سووریا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ ئاشتی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست
حکوومەتی سووریا سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ ئاشتی و جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئاگربەست و ڕێگریکردن لە ڕشتنی خوێنی کەسانی بێتاوان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، قوتێبە ئیدلیبی، بەرپرسی دۆسیەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا تایبەت بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند، سوپاسی رۆڵی سەرۆک و رابەر جەنابی بارزانی دەکەین بۆ ئەو رۆڵەی لە ئاڵۆزییەکانی سووریا گێڕاویەتی و هەوڵی نێوەندگیریی داوە، هەروەها جەختی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و رێگریکردن لە ڕشتنی خوێنی کەسانی بێتاوان کردووەتەوە.
12ـی ئەم مانگە سوپای عەرەبی سووریا پەلاماری گەڕەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفەیان لە پارێزگاری حەلەب دا کە دوو گەڕەکی کوردنیشینن، لەو کاتەوە پێکدادانی راستەوخۆ لە نێوان هێزەکانی سووریا دیموکرات و سوپای عەرەبی سووریا دەستی پێکرد و شەڕ گەیشتە دەوروبەری پارێزگای حەسەکە و شاری کۆبانێ، لەو نوێترین پێشهاتیشدا بەرپرسی دۆسیەی ئەمریکا لە وەزارەتی دەرەوەی سووریا بەکوردستان24ـی گوت: ماوەی چوار رۆژ مۆڵەتیان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات داوە بۆ ئەوەی تێکەڵی دامەزراوەکانی سووریا ببن، پێدانی مۆڵەتیش بە نێوەندگریی ئەمریکا بووە.
لەو کاتەوەی شەڕی راستەوخۆ لەنێوان هەسەدە و سوپای عەرەبی سووریا دەستی پێکردووە، سەرۆک بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ پاراستنی کوردانی رۆژئاوا و دەستەبەرکردنی مافە سیاس و کلتورییەکانیان لە دەوڵەتی نوێی سووریا، بۆ ئەو مەبەستەش چەند جارێک لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا پەیوەندی تەلەفۆنی ئەنجامداوە و تیایدا جەختی لە پاراستنی مافی کورد لە رۆژئاوای کوردستان کردووەتەوە، لە 17ی ئەم مانگەش بە یاوەری مەسرور بارزانی،سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە لە هەولێر لەگەڵ تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کۆبووە، کۆبوونەوەکەش تایبەت بوو بە گرەنتیکردنی مافی کوردانی رۆژئاوا لە پێکهاتەی نوێی دەوڵەتی سووریا.