سیسی بۆ ترەمپ: بەبێ تۆ ڕێککەوتنی غەززە مەحاڵ بوو
سەرۆکی میسر ڕایگەیاند ئەگەر دۆناڵد ترەمپ نەبووایە، ڕێککەوتنی غەززە هەرگیز ئەنجام نەدەدرا. لە بەرانبەردا سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی بەرقەراربوونی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاگەیاند و بەڵێنیشی دا نێوەندگیری بکات بۆ کۆتاییهێنان بە قەیرانی ئاوی نێوان میسر و ئەسیۆپیا.
چوارشەممە، 21ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەراوێزی داڤۆس، لەگەڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی، سەرۆکی میسر، کۆبوونەوەی و کۆتاییهاتنی گرژییە سەرەکییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕاگەیاند و بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی نێوان میسر و ئەسیۆپیای دا.
ترەمپ ڕایگەیاند: ئێمە ئاشتیمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. ئاماژەی بەوەشدا کە وێڕای بوونی هێزەکانی حیزبوڵڵا لە لوبنان کە کێشە دروست دەکەن، بەڵام بە بەراورد بە دۆخی گشتی، ئەوان بچووکن و مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
سەرۆکی ئەمریکا ستایشی ڕۆڵی سەرۆکی میسری کرد و وەک سەرکردەیەکی بەهێز وەسفی کرد.
سیسی: بێ ترەمپ ڕێککەوتنی غەززە مەحاڵ بوو
لای خۆیەوە، عەبدولفەتاح سیسی سوپاسی دۆناڵد ترەمپی کرد و ڕایگەیاند: لەبەردەم میدیا و هاوکارانمان دەیڵێم، ئەگەر بەهۆی سەرۆک ترەمپەوە نەبووایە، ئێمە نەدەگەیشتینە ڕێککەوتن لەسەر غەززە.
سیسی داوای لە ترەمپ کرد کە بەردەوام بێت لە چاودێریکردن و سەرپەرشتیکردنی دۆسیەکە هەتاوەکوو تەواوی پلانەکە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ترەمپ نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر دۆخی ئاوی میسر بەهۆی دروستکردنی بەنداوێکەوە لەلایەن ئەسیۆپیا بەنداوی نەهزە.
ترەمپ گوتی: ئەمە دۆخێکی مەترسیدارە. ئەوان بەنداوێکیان دروستکردووە کە ڕێگری لە گەیشتنی ئاو دەکات بە خەڵکێک کە ملیۆنان ساڵە ئەو ئاوەیان بۆ دەچێت. من بەمە دڵخۆش نابم.
هەروەها ڕایگەیاند کە سەرۆکی ئەسیۆپیاش پیاوێکی بەهێزە و پلانی هەیە هەردوو سەرۆکی میسر و ئەسیۆپیا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولادا بێت.