ئاوارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان داوای هاوکاری دەکەن

ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی ڕۆژئاوای کوردستان، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە شارەکانی حەلەب و ڕەققە و تەبقەوە، ئاوارە بوونە و لە دۆخێکی نالەباردا، لە قوتابخانەکانی شاری قامیشلۆ نیشتەجێ بوونە.  

ئافرەتێکی ئاوارە، بە دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: ئێمە پێشتر لە عەفرین دەژیاین، دواتر بە هۆی شەڕەوە چووینە تەبقە و ئێستاش لە ئەنجامی شەڕی ئەم دواییە وا گەیشتووینەتە ئێرە و لەم قوتابخانەیەدا نیشتەجێین.

ئەو ئافرەتە، گوتیشی: ئێمە لەشەڕ و ئاوارەیی بێزار بووین. شەڕ بەسە، کوشتن و خوێنڕشتن بەسە. خۆ ئێمە لەم وڵاتە بێگانە نین. ئێمە خەڵکی سووریاین و دەمانەوێت مافی خۆمانمان هەبێت. دەمانەوێت بە ئارامی و دوور لە شەڕ و کوشتن و ئاوارەیی بژین. داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین، کۆتایی بەم شەڕە بهێنن. ئەوەتا لە یاریگەی ئەم شارە دەیان منداڵ لە سەرمان و لە برسان دەمرن، کەس نییە هاوکارییان بکات. 

ئاوارەیەکی دیکەش، گوتی: لێرە هیچمان نییە، نە سووتەمەنی نە خۆراک. هەمووان لە شەڕ بێزار بووین و دەمانەوێت بە ئاشتی بژین و بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان. بەڕاستی خەڵکی سووریا لە شەڕ و کوشتن بێزار بوونە. ئەمە چوارەمین جارە ئاوارە دەبین؛ ئێستاش پێویستمان بە هاوکارییە و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، زلهێزەکان، هەموو لایەنەکان دەکەین ئەم شەڕە ڕابگرن. 

شایانی باسە، هەر ئەمڕۆ، دەزگای خێرخوازیی بارزانی، باری 67 بارهەڵگر هاوکاریی و کۆمەكی هەمەچەشنەی گەیاندووەوتە قامیشلۆ و بڕیارە لە زووترین کاتدا بەسەر ئاوارەکاندا دابەش بکرێن.