دانیشتوویەکی کۆبانێ بۆ کوردستان24: چەکدارەکان گوندەکان تاڵان دەکەن و بە "دڕندانە" خەڵک دەکوژن
دانیشتوویەکی گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ لە پەیامێکی دەنگیدا کە تایبەت بۆ کوردستان24ی ناردووە، دۆخی مەترسیداری ناوچەکە دەخاتە ڕوو و ڕایدەگەیەنێت، گرووپە چەکدارەکان گەمارۆی ناوچەکەیان داوە، خزمەتگوزارییەکانیان بڕیوە و دەستیان بە کوشتنی خەڵک و تاڵانکردنی ماڵەکان کردووە.
سەرچاوەیە لە دانیشتووانی کۆبانێ گوتی: ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026، سوپای عەرەبیی سووریا دوو هاووڵاتی سڤیلیان بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە کوشت.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ بە تەواوی چۆڵ بوون و خەڵکەکە لە ترسی ئەو چەکدارانە هەڵاتوون
ئەو هاووڵاتییە دەڵێت: ئەو چەکدارانە دەچنە سەر گوندەکان، هەرچی کەلوپەلی ناو ماڵەکانە باری دەکەن و دەیبەن، هەر کەسێکیش لەوێ مابێت یان بیبینن، دەستبەجێ دەیکوژن.
هەروەها ئەو گرووپە چەکدارانەی بە "چەتەکانی داعش" وەسف کرد و گوتی: "ئەمانە حکوومەت نین، ئەمانە چەتەی داعش و هاوشێوەی ئەوانن."
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، ئەو هاووڵاتییە باسی لە نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان کرد و گوتی: ئاو، کارەبا و ئینتەرنێتیان لەسەر ناوچەکە بڕیوە و هیچ شتێک نەماوە. ئاماژەی بەوەش دا، ناچار بووە هێڵی پەیوەندیی تورکیا بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی دەنگی خۆیان بگەیەننە دەرەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی ئاگەدار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە ئەنجامی بۆمبارانی گوندەکانی دەوروبەری کۆبانێ لە لایەن سوپای عەرەبیی سووریاوە، دەیان هەزار کەس لە دانیشتووانی ئەو گوندانە پەنایان بۆ شاری کۆبانێ هێناوە. سەرباری ئەوەش پچڕانی تەزووی کارەبا و ئاو و کەمیی نان و پێداویستییە پزیشکییەکان، بارودۆخی خەڵکەکە بەرەو کارەساتێکی مرۆیی دەبەن.
سەرچاوەکە، بە ناوی دانیشتووانی کۆبانییەوە داوا لە ڕێکخراوە مرۆیی و یاساییەکان دەکات بۆ ڕێگریی لەو کارەساتە، فریای دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی بکەون.