شاندی پارتی و هەیبەت حەلبووسی: پێویستە شایستە دەستوورییەکان لە وادەی خۆیاندا تەواو بکرێن

شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا جەخت لە تەواوکردنی ڕێکارە دەستوورییەکان و پتەوکردنی پرەنسیپی هاوبەشی لە نێوان هێزە سیاسییەکاندا کرایەوە.

شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە و وەزیری دەرەوەی عێراق، سەردانی هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی کرد. هەر لە دیدارەکەدا خالید بەتتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی تەقەدووم ئامادە بوون.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، فوئاد حوسێن بە ناوی خۆی و سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرمی ئاراستەی هەیبەت حەلبووسی کرد بە بۆنەی هەڵبژاردنی وەک پەرلەمانی عێراق و هیوای خواست لە ئەرکە نوێیەکەیدا، لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان، سەرکەوتوو بێت.

تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی عێراق. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان کردەوە لە چوارچێوەی ئەو وادە یاساییانەی کە دیاریی کراون.

هاوکات شاندی پارتی و سەرۆکی پەرلەمان، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی کە چەسپاندنی پرەنسیپی هاوبەشی لە نێوان هێزە نیشتمانییەکاندا، زامنی سەرەکییە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی و تێپەڕاندنی ئاڵنگارییەکان لە وڵاتدا.