ترەمپ: لەگەڵ ناتۆ لەسەر گرینلاند و جەمسەری باکوور ڕێککەوتین

دوای کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، دۆناڵد ترەمپ ڕاگرتنی سزاکانی 1ی شوباتی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی مێژووییان لەسەر گرینلاند و پڕۆژەی گومەزی ئاڵتوونی داناوە و تیمێکی باڵای بۆ دانوستانەکان دیاری کردووە.

چوارشەممە 21ی کانوونی دووەمی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: دوای کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدار لەگەڵ سکرتێری گشتیی ناتۆ، گەیشتوونەتە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە گرینلاند و ناوچەی جەمسەری باکوور.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیوویەتی: لەسەر بنەمای ئەم لێکتێگەیشتنە، من ئەو باجانە ناسەپێنم کە بڕیار بوو لە ڕۆژی 1ی شوباتەوە بچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە ئەو باجانەی وەک فشار بەکاری دەهێنان، لە بەرانبەر ئەم ڕێککەوتنەدا هەڵیوەشاندوونەتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرای کردووە کە ڕێککەوتنەکە پەیوەستە بە گرینلاند و تەواوی ناوچەی جەمسەری باکوور و ئەگەر تەواو بکرێت، ئەوا دەستکەوتێکی گەورە دەبێت بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ناتۆ.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە گفتوگۆی زیاتر دەکرێت سەبارەت بە پرۆژەی گومەزی ئاڵتوونی کە پەیوەستە بە گرینلاندەوە.

ترەمپ ڕایگەیاندووە کە تیمێکی باڵا بە سەرپەرشتیی جەی دی ڤانس جێگری سەرۆک، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و ستیڤ ویتکۆف نێردەی تایبەت بەرپرس دەبن لە بەڕێوەچوونی دانوستانەکان و ڕاستەوخۆ ڕاپۆرت بەخۆی دەدەن.

شەممە 17ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ, سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیبووی: لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە باجی گومرگی دەخاتە سەر کاڵای 8 وڵاتی ئەوروپا و باجەکەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە، تا ئەو کاتەی ڕازی دەبن دوورگەی گرینلاند بە ئەمریکا بفرۆشن.

ترەمپ گوتیشی: لە ڕۆژی 1ی شوباتی 2026ەوە، بە ڕێژەی 10% باجی گومرگی دەخاتە سەر تەواوی ئەو کاڵایانەی لە دانیمارک، نەرویج، سوید، فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، هۆڵەندا و فینلاند ڕەوانەی ئەمریکا دەکرێن