ئیتاڵیا: ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە پاراستنی کوردانی سووریا، جێگەی پێزانینە
ئیتاڵیا پشتیوانیی خۆی بۆ حکوومەتی هەرێم و گەلی کوردستان دووپات کردەوە
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، ستایشی هەوڵە "حەکیمانەکان"ـی سەرۆک بارزانی دەکات بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لەوەی گەلی کورد لە سووریا تووشی نەهامەتی ببێت. هەردوولاش جەخت لە چارەی ئاشتییانە بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە دەکەنەوە.ڕۆژی چوارشەممە 21ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک مەسعود بارزانی، لە شاری ڕۆما، لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تەرخان کرا بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکە، بە تایبەتی دواپێشهاتەکانی گۆڕەپانی سووریا. هەردوولا بە وردی باسیان لە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی تیرۆریستانی داعش کرد لەم دۆخەدا و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕێگەی دیالۆگ و لێکگەیشتنی ئاشتییانەوە چارە بکرێن، بە دوور لە زمانی زبر و توندوتیژیی سەربازی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئەنتۆنیۆ تایانی، بە ناوی حکوومەتی وڵاتەکەیەوە ستایشی ڕۆڵی حەکیمانە و کاریگەری سەرۆک بارزانی کرد لە چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و پاراستنی سەقامگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پێزانینی تایبەتی هەبوو بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆک بارزانی لە پێناو بەدیهێنانی ئاشتی لە سووریا، بە تایبەتی هەوڵەکانی بۆ پاراستنی گەلی کورد لەو وڵاتە لە هەموو ئەگەرێکی نەخوازراو و دوورخستنەوەیان لە نەهامەتی و وێرانکاری.
پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەولێر و ڕۆما، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو؛ هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی برەودان بە پەیوەندییەکان و پێشخستنیان لە گشت بوارە جیاوازەکاندا، لە کۆتاییشدا وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا پابەندبوون و پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستان دووپات کردەوە.

