مامی بەشار ئەسەد لە تەمەنی 88 ساڵیدا گیانی لەدەستدا

ئاژانسە هەواڵییەکان بڵاویانکردەوە، رەفعەت ئەسەد، مامی بەشار ئەسەدی سەرۆکی هەڵاتووی سووریا و یەکێک لە دیارترین کەسایەتییەکانی رژێمی پێشووی سووریا، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، رەفعەت ئەسەد کە بەهۆی تێوەگلانی لە تاوانە گەورەکانی مافی مرۆڤ بە "قەسابی حەما" ناسرابوو، لە وڵاتی ئیمارات گیانی لەدەستداوە. ئەمەش نزیکەی ساڵێک دوای هەڵاتنی لە دیمەشق دێت، پاش رووخانی رژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کۆتایی ساڵی 2024، لە رێگەی لوبنانەوە ڕووی لەو وڵاتە کردبوو.

رەفعەت ئەسەد لە ساڵی 1937 لە گوندی قەردەها لەدایکبووە. وەک فەرماندەی "لیواکانی بەرگریی" کە هێزێکی نیمچە سەربازیی بەهێز بوو، وەک دەستی راستی حافز ئەسەدی برای و پارێزەری سەرەکیی رژێم لە ساڵانی حەفتا و هەشتاکاندا دەبینرا.

ناوبراو بە بەرپرسی یەکەمی کۆمەڵکوژیی شاری حەما لە ساڵی 1982 دادەنرێت، تێیدا هەزاران هاووڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی.

ژیانی سیاسی رەفعەت ئەسەد لە ساڵی 1984دا گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هات، کاتێک هەوڵێکی شکستی دا بۆ کودەتاکردن بەسەر حافز ئەسەدی برایدا. ئەم ململانێیە بووە هۆی دوورخستنەوەی بۆ ئەوروپا، بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ لە فەڕەنسا و ئیسپانیا لە ژیانێکی شاهانەدا ژیا.

لە ساڵی 2021دا، دوای ئەوەی لە فەڕەنسا بە تۆمەتی سپیکردنەوەی پارە و بەکارهێنانی سامانی گشتیی سووریا حوکمی زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا، گەڕایەوە بۆ دیمەشق و لەلایەن بەشار ئەسەدی برازایەوە پێشوازی لێکرا، تا ئەو کاتەی لە دوا ساتەکانی ڕووخانی ڕژێمەکەدا جارێکی دیکە وڵاتی جێهێشت.

مردنی رەفعەت ئەسەد لە کاتێکدایە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و قوربانیانی تاوانەکانی حەما، چاوەڕێی دادگاییکردنی بوون لە وڵاتی سویسرا بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ و تاوان دژی مرۆڤایەتی". بە مردنی ئەو، یەکێک لە گەورەترین دۆسیەکانی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە مێژووی هاوچەرخی سووریادا، بەبێ گەیشتن بە بڕیاری دادگا داخرا، بەڵام ناوی ئەو وەک هێمایەکی ستەمکاری لە مێژوودا تۆمارکرا.