بەهای دۆلار لە بەرزبوونەوە بەردەوامە
بەهای دۆلار بۆ دووەمین رۆژی لەدوای یەک بەرزبووەوە، هێوربوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئەوروپا و ئەمریکا لەسەر پرسی گرینلاند بە هۆکاری سەرەکی دادەنرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی کانوونی دووەمی 2026، پێنوێنی دۆلار کە ئاماژەیە بۆ بەهای دۆلار بەرانبەر بە سەبەتەی دراوە سەرەکییەکانی دیکە گەیشتە 98.82 خاڵ.
زۆرترین بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرانبەر یەنی ژاپۆنی بوو بەهای هەر دۆلارێک گەیشتە 158.85 یەن، بەڵام لە بەرانبەر دۆلاری ئوسترالی و دۆلاری نیوزلەندی لە دابەزین بەردەوام بوو.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بەکارهێنانی هێزی سەربازی بۆ دەستبەسەرداگرتنی گرینلاند رەتکردەوە و لە هەڕەشەکانی پێشووی بۆ سەپاندنی پێناسی گومرگی بەسەر وڵاتانی ئەوروپا پاشەکشەی کرد. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە هات، ئەمریکا و ناتۆ گەیشتنە رێککەوتنێکی سەرەتایی، بەڵام هێشتا وردەکارییەکانی ئەم رێککەوتنە نادیارن، بەتایبەت کە دانیمارک هەرجۆرە گفتوگۆیەک بۆ دەستبەرداربوون لە خاکەکەی بۆ ئەمریکا رەتدەکاتەوە.
کریس ویستۆن، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە دامەزراوەی "پێپەرستۆن" دەڵێت: "بازرگانان زۆر بە خێرایی کاردانەوەیان بەرانبەر گۆڕانکارییەکان هەبوو بە تایبەت لە نێوان وتارەکەی ترەمپ لە داڤۆس و پۆستەکانی لە سۆشیاڵ میدیا، تا رادەیەکی زۆر ئەو مەترسییە گەورەیە لەسەر بازاڕەکان نەماوە کە ترس هەبوو پێکدادانی ئەمریکا لەگەڵ هاوبەشەکانی لە ناتۆ رووبدات".
لە ناوخۆی ئەمریکا، وەبەرهێنەران چاویان لەسەر ئامارەکانی رێژەی هەڵاوسان و بێکارییە چونکە کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی یەدەگی فیدراڵی ئەمریکا دەبێت، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت؛ یەدەگی فیدراڵی لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوو رێژەی سوو بە جێگری لە 3.75% بهێڵێتەوە، بەڵام بازاڕەکان هێشتا چاوەڕێی کەمکردنەوەی رێژەی سوو بە 50 خاڵ تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەکەن.