بەفربارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتەوە و بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی تاوەکوو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، لە زۆربەی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەفر بارین دەستیپێکرد، بەفر بارین سەنتەری شاری هەولێر و دهۆک و سلێمانی و ئیدارە سەربەخۆکانیشی گرتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، مەودای بینین بۆ کەمتر لە 1 کم کەمدەبێتەوە، پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو نزم دەبنەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی کەشناسی کە دوێنێ پێنجشەممە بڵاویکردووەتەوە، کاریگەری ئەم شەپۆلە تاوەکوو ئێوارەی ئەمڕۆ بەردەوام دەبێت.