سەرۆک بارزانی: ئەگەر بەرنامەیەک هەبێت بۆ ئەوەی کورد لە ناوچەکە نەمێنێت، ئەو وەختە ئێمە هەموو یەکین
سەرۆک بارزانی لە بارەگای نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیتاڵیا، تیشکی خستە سەر دواین پەرەسەندنە سیاسییەکانی ناوچەکە و دەرەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی جیهان.
سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەت وڵاتی ئیتاڵیا، هەمیشە وەک دۆستێکی نزیک و پشتیوانێکی ڕاستگۆی گەلی کورد ماونەتەوە.
هاوسۆزیی ڤاتیکان و پشتیوانیی سەربازی و سیاسیی ئیتاڵیا بۆ کوردستان
ڕۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی وردەکاریی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ قەداسەتی پاپا و وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئیتاڵیا ئاشکرا کرد، لەو دیدارەدا، پاپای ڤاتیکان پەرۆشیی قووڵی خۆی بۆ دۆخی گەلی کورد دەربڕیوە و بەڵێنی داوە لە کاتی سەردانیکردنی بۆ عێراق، بە شێوەیەکی تایبەت سەردانی کوردستانیش بکات، هاوکات، حکوومەتی ئیتاڵیا دووپاتی کردووەتەوە کە لە پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە و گەلی کورد بەردەوام دەبن و لە ڕێگەی هاوپەیمانەکانیان لە ئەورووپا و ئەمریکا، هەوڵ بۆ سەقامگیریی زیاتر دەدەن، بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەی کە ڕۆژئاوای کوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت.
دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و فیتنەی نەتەوەیی
سەرۆک بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ناوەندی میدیایی و میدیاکارانی کوردستان کرد و داوای لێ کردن کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە کار بۆ پاراستنی مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکەن، هۆشداریی دا کە نابێت میدیا ببێتە هۆکارێک بۆ برەودان بە توندوتیژی یان نانەوەی شەڕی نەتەوەیی لە نێوان کورد و عەرەبدا، ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی نەتەوەیی کارەساتبارە و پێویستە میدیاکاران ڕۆڵێکی ئەرێنی بگێڕن بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر گرژییەک بکەن کە زیان بە پێکەوەژیان و دۆزی کورد دەگەیەنێت.
هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕێگری لە مەترسییەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان
سەبارەت بە ئاڵۆزییەکانی سووریا، سەرۆک بارزانی پەردەی لەسەر هەوڵە نهێنی و ئاشکراکانی لادا، ڕایگەیاند: هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی حەلەب، پەیامێکی بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ئێستای سووریا ناردووە و تێیدا جەختی کردووەتەوە لەوەی، شەڕی سیاسی دەکرێت چارەسەر بکرێت، بەڵام هەرگیز قبوڵ ناکرێت دەستدرێژی بکرێتە سەر کورد، لە ئەنجامی ئەم پەیامەدا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان هەردوولادا ئەنجامدراوە و دواتریش بە ئامادەبوونی تۆم باراک و مەزڵووم عەبدی، کۆبوونەوەی گرنگ لە هەولێر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بەڕێوەچووە.
سروشتی گۆڕاوی هێزە عەشایەرییەکان
لە شیکردنەوەیەکدا بۆ دۆخی مەیدانیی سووریا، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، بەشێک لە هێزە عەشایەرییەکان وەلائی خۆیان بەپێی بەرژەوەندی دەگۆڕن، جارێک لەگەڵ ئەسەد، جارێک لەگەڵ داعش و دواتر لەگەڵ هەسەد بوون، ئێستاش ناوچەکانیان ڕادەستی سووپای عەرەبیی سووریا کردووەتەوە، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، پێشتریش چەندین جار مەزڵووم عەبدی و بەرپرسانی دیکەی ڕۆژئاوای ئاگادار کردووەتەوە کە پێویستە چارەسەرێکی ڕیشەیی بدۆزنەوە و وریا بن لەوەی ناوچە عەرەبییەکان نەبنە سەرچاوەی کێشە بۆیان.
ڕێککەوتنی ئاگربەست لە هەولێر و ئومێد بۆ پاراستنی ناوچە کوردییەکان
سەرۆک بارزانی هەواڵی ڕێککەوتنێکی نوێی لە هەولێر ڕاگەیاند، کە لە نێوان مەزڵووم عەبدی، تۆم باراک و فەرماندەی سێنتکۆم ئەنجامدراوە، ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەست داڕێژراوە و هەنگاوی ئەرێنی بۆ نراوە، ئومێدی خواست کە ئەم ئاگربەستە ببێتە سەرەتایەک بۆ پاراستنی ئەو ناوچە کوردییانەی کە تا ئێستا ماونەتەوە و مافی خەڵکەکە پارێزراو بێت، چونکە بە بڕوای سەرۆک بارزانی، کردار گرنگە نەک دروشم و موزایەداتی سیاسی.
هۆشداری لە سەرهەڵدانەوەی داعش و فیتنە ناوخۆییەکان
سەرۆک بارزانی بە نیگەرانییەوە باسی لە مەترسییەکانی داعش کرد و ڕایگەیاند: ئەو ناسەقامگیرییەی لە سووریا هەیە، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ تیرۆریستانی داعش دروست کردووە، ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەیەکی زۆر لە چەکدارانی داعش لە زیندانەکان ڕایانکردووە و ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەمووان،هەروەها باسی لەوە کرد کە هەندێک لایەن دەیانەوێت فیتنەیەک بنێنەوە کە کۆنتڕۆڵکردنی ئەستەم بێت، بۆیە پێویستە هەمووان بە وریاییەوە مامەڵە بکەن.
کۆبانێ هێڵی سوورە و پشتیوانییەکان بەردەوام دەبن
لە پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی لەسەر پێگەی ستراتیژی و نەتەوەیی کۆبانێ کردەوە و ڕایگەیاند: ئەگەر دەرفەتی هاوشێوەی ساڵی 2014 هەبووایە، دووبارە هێزی بۆ دەهارد، هەروەها دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕاسپاردووە کە بە هەموو توانایەکەوە هاوکاریی مرۆیی بگەیەننە خوشک و براکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان.