یەکێتیی ئەوروپا: هەڵاتنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکانی سووریا جێگەی نیگەرانییە

یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت: ئەو زانیارییانەی باس لە هەڵاتنی چەکدارە بیانییەکانی داعش دەکەن لە سووریا، سەرچاوەی نیگەرانییەکی قووڵن بۆ ئێمە". هاوکات یەکێتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە وردی چاودێریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و پرۆسەی گواستنەوەی دەستگیرکراوە داعشەکان بۆ عێراق دەکات.

ڕۆژی هەینی، 23ـی کانوونی دووەمی 2026، یەکێتیی ئەورووپا لەبارەی چارەنووسی دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی داعش لە سووریا هاتە دەنگ و ڕایگەیاند، ئەو ڕاپۆرتانەی ئاماژە بە هەڵاتنی چەکدارە بیانییە دەستبەسەرکراوەکان دەکەن، بوونەتە سەرچاوەی "نیگەرانییەکی قووڵ".

ئەم هەڵوێستەی یەکێتیی ئەوروپا لە کاتێکدایە کە پرۆسەی گواستنەوەی بەشێک لەو دەستگیرکراوانە بۆ عێراق دەستی پێکردووە و یەکێتییەکەش ڕایگەیاندووە چاودێریی ئەو پرۆسەیە دەکات.

لای خۆیەوە ئەنوەر عەنونی، گوتەبێژی یەکێتیی ئەورووپا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوت: "ئەو هەواڵانەی باس لە ئەگەری هەڵاتنی ئەم دواییەی دەستگیرکراوانی داعش دەکەن لە میانەی پێکدادانەکاندا، مایەی نیگەرانییەکی زۆرن."

گوتەبێژەکەی یەکێتیی ئەوروپا ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەوان وەک یەکێتییەکە بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ دۆخەکە و وتی: "ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەین، بە تایبەتی پرۆسەی گواستنەوەی ئەو چەکدارە دەستگیرکراوانەی کە ماونەتەوە بۆ عێراق، کە چەکدارە تیرۆریستە بیانییەکانیش دەگرێتەوە."

هەروەها دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراقی بە ئاژانسەکەیان ڕاگەیاند، ڕۆژی هەینی یەکەم کاروانی دەستگیرکراوانی ڕێکخراوی داعش کە حکوومەتی عێراق لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمریکیدا لە سووریایەوە وەریگرتوونەتەوە، ژمارەیەک ئەوروپیی ئەو ڕێکخراوە توندڕەوەی تێدایە.

ئەم گرووپە بە یەکەم کاروان لە کۆی نزیکەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش دادەنرێت کە فەرماندەییی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو دەست بە گواستنەوەیان دەکرێت لە سوریاوە بۆ عێراق. ئامانج لەم هەنگاوەش "مسۆگەرکردنی مانەوەی تیرۆریستانە لە دامەزراوەی دەستبەسەرکردنی پارێزراودا."

لە دوای شکستپێهێنانی داعش لە ساڵی 2019دا، هەزاران گومانلێکراو بە ئەندامێتی لە گرووپە جیهادییەکان و خێزانەکانیان، کە بیانیشیان تێدایە، لە زیندان و کەمپەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە سووریا دەستبەسەر کرابوون.

ڕاگەیاندنی پلانی گواستنەوەی ئەندامانی ئەم ڕێکخراوە بۆ عێراق دوای ئەوە هات کە تۆم بەڕاک، نێردەی ئەمریکا بۆ سووریا، کۆتاییهاتنی ڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتی (هەسەدە)ی لە بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی داعش ڕاگەیاند.

بۆ ساڵانێکی زۆر، واشنتن کە سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و گرووپە توندڕەوەکانی دەکرد، پاڵپشتی سەرەکیی هەسەدە بوو لە شەڕی دژی داعش هەتا دەرکردنیان لە دوایین مۆڵگەکانیان لە ساڵی 2019. 

بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە ساڵی ڕابردوودا، واشنتن بووەتە پاڵپشتێکی سەرەکیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا و هەوڵەکانی بۆ سەپاندنی دەسەڵات بەسەر تەواوی وڵاتەکەدا دوای ساڵانێکی دوورودرێژ لە ململانێ.

دادگاکانی عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدان و زیندانیی هەتاهەتاییان بۆ ژمارەیەک لەو کەسانە دەرکردووە کە بە ئەندامێتی لە "گرووپە تیرۆریستییەکان" و تێوەگلان لە کوشتنی سەدان کەس تاوانبار کراون، کە لەنێویاندا هەڵگرانی ڕەگەزنامەی فەرەنسی هەن. لە ئێستاشدا هەزاران عێراقی و بیانی بە تۆمەتی ئەندامێتی لە داعش لە زیندانەکانی عێراقدا ماونەتەوە.