بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلەی رێختەر تورکیای هەژاند
بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.1 پلە بە پێوەری رێختەر پارێزگای بالکیسیری لە ڕۆژئاوای تورکیا هەژاند و لە چەندین شاری دیکەی ئەو وڵاتە هەستی پێکرا.
بەگوێرەی بەیاننامەیەکی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی کارەسات و فریاگوزاری تورکیا (ئافاد)، بڵاویکردووەتەوە، ناوەندیی بومەلەرزەکە لە شارۆچکەی سندیرگی بووە لە پارێزگای بالکیسیر. ئاماژە بەوەش کراوە کە دانیشتوانی شارەکانی ئەستەنبوڵ، ئیزمیر و چەند پارێزگایەکی دیکەی دەوروبەری هەستیان بە لەرزینەکە کردووە.
لای خۆیەوەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕووداوەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "بومەلەرزەکە لە شارۆچکەی سندیرگی بووە و لە ناوچەکانی دەوروبەریش هەستی پێکراوە."
وەزیری ناوخۆ جەختیشی کردەوە دەستبەجێ تیمەکانی (ئافاد) و سەرجەم دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە رووپێوی مەیدانی کردووە بۆ دڵنیابوونەوە لە دۆخی ناوچەکە و زانینی هەر زیانێکی ئەگەری.