هاوسەرۆکێکی پەیەدە بۆ کوردستان24: هەوڵی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دەدەین لەگەڵ دیمەشق
هاسەرۆکێکی پەیەدە رایدەگەیەنێت، مەترسیی کارەساتی مرۆیی لە کۆبانێ، لە ئارادایە. دەشڵێت "دەبێت مافەکانمان لە دەستووری سووریادا بچەسپێنرێن."
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆی کوردستان24 کە لەلایەن عەباس زێبارییەوە پێشکەش کرا؛ باسی لە دۆخی سەربازی و مرۆیی رۆژئاوای کوردستان کرد.
پەروین یوسف رایگەیاند، "رۆژئاوای کوردستان بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت؛ گەمارۆی سەر شاری کۆبانێ ماوەی 10 ڕۆژە بەردەوامە و مەترسیی کارەساتی مرۆیی لە ئارادایە".
لەبارەی ئاگربەستی چوار ڕۆژەی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشق، کە ئەمشەو کاتژمێر 08:00 بە کاتی ناوخۆ کۆتایی دێت. پەروین یوسف ئاماژەی بەوەدا، هەوڵەکان بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دیالۆگ بەردەوامن.
هاوسەرۆکی پەیەدە جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان وەک بەشێک لە سووریا، خوازیاری سیستمێکی دیموکرات و ناناوەندین کە مافی هەموو گەلان، بەتایبەتی کورد، تێیدا پارێزراو بێت.
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە ئامادەین ببینە بەشێک لە حکوومەتی سووریا، بەڵام دەبێت مافەکانمان لە دەستووردا بچەسپێنرێن."
پەروین یوسف ڕۆڵی هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ نێوەندگیری و پاراستنی ئارامی لە ناوچەکە بەرز نرخاند. هەروەها داوای لە پارتە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد کە یەکگرتوو بن و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیان بۆ خزمەتی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بەکاربهێنن.
ڕەوشی کۆبانێ و هەوڵەکان بۆ گەیاندنی هاوکاری
شاری کۆبانێ لە سێ لاوە لەلایەن سوپای سووریاوە گەمارۆ دراوە و لە لایەکی دیکەشەوە تورکیا سنووری داخستووە. بەهۆی ئەم گەمارۆیەوە، کارەبا و ئاو لە 15ی ئەم مانگەوە بڕاون و کەمیی سووتەمەنی، دەرمان و پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی چوار منداڵ بەهۆی سەرماوە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە کۆبانێ و لەوبارەیەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە گفتوگۆدایە. موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ڕایگەیاندووە کە هەوڵەکانیان "نزیکن لەوەی بگەنە ئەنجام" و چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.