رێباز حەملان: لیستی مووچەی مانگی یەک لەم هەفتەیە ئامادە دەبێت و رەوانەی بەغدا دەکرێت
ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە مووچەی مانگی یەک (کانوونی دووەم) بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ڕێنماییەکانی خەرجیی ساڵی 2026ـی بڵاوکردەوە و لە ئێستاشدا ئامادەکارییەکان بۆ لیستی مووچە لە قۆناغی کۆتاییدان."
یاریدەدەری سەرۆکوەزیران ئاشکرای کرد، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لیستەکە تەواو دەبێت و ڕەوانەی بەغدا دەکرێت. دوای پەسەندکردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، بڕی 120 ملیار دینار دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵ.
سەبارەت بە پابەندبوونەکان، رێباز حەملان گوتی: "وەکو حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەتەواوی پابەندی داواکارییەکانی عێراق بووین و هیچ پاساوێک لەلایەن هەرێمەوە نییە بۆ دواکەوتنی مووچە." ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی بەغدا گرت و ڕایگەیاند: "بەداخەوە ئەوەی لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵ و بەغداوە دەکرێت، ستەمێکی گەورەیە لە خەڵکی کوردستان، بە جۆرێک لە ماوەی سێ ساڵدا مووچەی حەوت مانگ بۆ هەرێم نەنێردراوە."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە دا کە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیران، پێداگیری تەواو دەکەن لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو مووچانە، چونکە مافی خەڵکی کوردستانە و نابێت بفەوتێن.
سەبارەت بە کاتی دابەشکردنی مووچەکەش، حەملان ڕوونی کردەوە: "هێشتا عێراق مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابەش نەکردووە؛ هەرکاتێک ئەوان دەستیان بە دابەشکردن کرد، پشکی هەرێمی کوردستانیش ڕەوانە دەکرێت." هەروەها جەختی کردەوە کە بەپێی فەرمانی دادگای فیدراڵی و پەرلەمان، نابێت مووچە تێکەڵی ململانێی سیاسی بکرێت، بەڵام بەغدا ئەمەی کردووە.
دەربارەی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا، یاریدەدەری سەرۆکوەزیران گوتی: "تا ئێستا دانوستان لەگەڵ عێراق دەستی پێنەکردووە، چونکە حکوومەتی نوێی عێراق پێکنەهاتووە. دەبێت چاوەڕێ بکەین تا حکوومەت پێکدەهێنرێت ئینجا دانوستانی نوێ ئەنجام بدەین."
لە کۆتاییدا ڕایگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، دۆسیەیەکی دارایی تۆکمە ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لە دانوستانەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بە ئامانجی ئەوەی چیتر مووچە دوا نەکەوێت و بودجەی کارپێکردن (تەشگیلی) و وەبەرهێنانیش بۆ هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت، کە تا ئێستا یەک دیناری بۆ خەرج نەکراوە. هەروەها گوتی: "ئێمە نەوتمان ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ کردووە، بۆیە دەبێت شایستە داراییەکان و بودجەی تەواوەتیمان بۆ بنێرن."