مانگی سووریی کوردی گیانلەدەستدانی پێنج منداڵی بەهۆی سەرماوە راگەیاند و داوای بەهاناچوونەوەی بەپەلە دەکات
مانگی سووریی کوردی رایدەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆکانەوە پێنج منداڵ لە کۆبانێ گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ شەممە، 24ی کانوونی دووەمی 2026، رێکخراوی مانگی سووریی کوردی، لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، بەهۆی ئەو گەمارۆیەی لەسەر شاری کۆبانێ هەیە، 5 منداڵ گیانیان لەدەستداوە. یەکێک لە قوربانییەکان منداڵێکی ساوایە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە "هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی ئەو منداڵانە، دابەزینی بەرچاوی پلەکانی گەرما، نەبوونی سووتەمەنیی گەرمکەرەوە و کەمیی پێداویستییە پزیشکییەکان بووە."
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، بەردەوامیی گەمارۆکە مەترسییەکی راستەوخۆ و جیددی لەسەر ژیانی منداڵان، نەخۆشان و بەساڵاچووان دروستکردووە. بۆیە رێکخراوەکە داوایەکی بەپەلە ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە مرۆیی و مافپەروەرەکان دەکات، تاوەکوو دەستبەجێ کاربکەن بۆ شکاندنی گەمارۆکە و دابینکردنی سووتەمەنی و کەرەستەی فریاگوزاری، پێش ئەوەی ژمارەیەکی زیاتری خەڵک گیانلەدەستبدەن.
مانگی سووریی کوردی جەختیشی کردەوە، تیمەکانی فریاگوزاری و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان، بۆ ئەوەی دەستبەجێ هاوکاریی پزیشکی و مرۆیی بگەیەننە خەڵکی کۆبانێ، بەمەرجێک رێگەیەکی ئارام بۆ گەیشتنیان دابینبکرێت.
رێکخراوەکە داوا لە هەموو هێز و لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات، فشارێکی خێرا دروست بکەن بۆ کردنەوەی رێڕەوێکی مرۆیی پارێزراو بەبێ هیچ دواکەوتنێک.
کۆبانێ و دەوروبەری ماوەیەکە لەلایەن هێزەکانی حکوومەتی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو حکوومەتەوە گەمارۆ دراون، ئەمەش دوای پاشەکشەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە چەند ناوچەیەک و تێکچوونی دانوستانەکان هات. گەمارۆکە بووەتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان وەک ئاو، کارەبا، ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندی.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، لەوانەش رێکخراوی چاودێریی مافی مرۆڤ لە سووریا، هۆشداریی داوە لە "کارەساتێکی مرۆیی گەورە" و رایگەیاندووە، دانیشتووانی شارەکە رووبەڕووی کەمیی توندی خۆراک، دەرمان و شیری منداڵان بوونەتەوە. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە شەپۆلێکی سەرما و بەفربارینێکی "بێوێنە" ناوچەکەی گرتووەتەوە، دیارە لە 50 ساڵی رابردوودا بەفری وا نەباریوە.
کۆبوونەوەی ئاوارەیەکی زۆر لە گوندەکانی دەوروبەرەوە لەنێو شاری کۆبانێ، قەیرانەکەی قووڵتر کردووەتەوە. هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و کردنەوەی رێڕەوی مرۆیی بەردەوامن، بەڵام دۆخەکە هێشتا ناسەقامگیرە و مەترسییەکان لە ئارادان. رێکخراوە خێرخوازییەکانی وەک دەزگای خێرخوازیی بارزانی، هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییان دەستپێکردووە و چاوەڕێی رەخساندنی دەرفەتن بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بە خەڵکی کۆبانێ.