پاکستان.. تەقینەوەیەک لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری ڕووی دا

پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە ئاهەنگێکی هاوسەرگیریدا لە ناوچەیەکی نزیک سنووری ئەفغانستان، حەوت کەس گیانیان لە دەستدا.

لە شارەدێی دێرا ئیسماعیل خان لە باکووری ڕۆژئاوای پاکستان، تەقینەوەیەکی خۆکوژی لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون ڕوویدا. محەممەد عەدنان، بەرپرسی پۆلیسی ناوچەکە ئاماژەی بەوە کرد؛ تەقینەوەکە ئەو کاتە ڕوویداوە کە ئاهەنگێکی هاوسەرگیری بۆ ئەندامانی "لیژنەی ئاشتی" لەو باڵەخانەیەدا بەڕێوەدەچوو.

لە سەرەتای ڕووداوەکەدا کوژرانی سێ کەس ڕاگەیەندرا، بەڵام بەهۆی سەختی برینی بریندارەکانەوە، چوار کەسی دیکە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا و بەوەش کۆی گشتیی کوژراوان گەیشتە حەوت کەس، هەروەها نزیکەی 12 کەسی دیکەش بریندارن.

هێرشەکە ڕاستەوخۆ لیژنەکانی ئاشتی کردووەتە ئامانج. ئەم لیژنانە لە پیاوماقوڵان و دانیشتووانی ناوچەکە پێکدێن کە هاوکاریی حکوومەتی پاکستان دەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارە ئیسلامییەکان لە ناوچە سنوورییەکان.

تاڵیبانی پاکستان (TTP) کە لە ناوچەکە چالاکن، ئەندامانی ئەم لیژنانە بە "خیانەتکار" ناودەبەن، هەرچەندە تا ئێستا هیچ گرووپێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.

ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی نوێی توندوتیژی پاکستانی گرتووەتەوە. حکوومەتی ئیسلام ئاباد، تاڵیبانی ئەفغانستان تۆمەتبار دەکات بەوەی ڕێگەی داوە بە گرووپە چەکدارەکان خاکی ئەفغانستان بۆ هێرشکردنە سەر پاکستان بەکاربهێنن. لە بەرامبەردا، کابول ئەم تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و ڕووداوەکان بە "کێشەی ناوخۆیی پاکستان" وەسف دەکات.