18کاندید؛ کێ کلیلی کۆشکی سەلامی بە دەستەوە دەبێت؟

لە کاتێکدا وادە دەستوورییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بەرەو کۆتایی دەچن، گۆڕەپانی سیاسی دووچاری دۆخێکی نادیار و ئاڵۆز بووەتەوە. هاوکات لەگەڵ توندبوونەوەی کێبڕکێی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، کاندیدێکی باڵای پارتی بڕیاری کشانەوەی لە بەرژەوەندیی فوئاد حوسێن دا، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ سووربوونی ئەو حزبە لەسەر بەدەستهێنانی پۆستەکە شرۆڤە دەکرێت.

تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکی ئاشکرا لەنێوان هێزە کوردییەکاندا سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستەکان لە هەرێم و بەغدا بەدی ناکرێت. هەروەها پارتی سوورە لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدا یەکێتی بۆ بەهێزکردنی پێگەی دانوستاندنی خۆی، پەنای بۆ جووڵانەوەی "نەوەی نوێ" بردووە کە هێزێکی ئۆپۆزیسیۆنە.

 

پارتی و سووربوون لەسەر پۆستەکە

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کشانەوەی خۆی لە کێبڕکێی کاندیدبوون بۆ سەرۆک کۆماری عێراق ڕاگەیاند، ئەوەش بۆ بەرژەوەندیی کاندیدی یەکەمی حزبەکە کە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی ئێستایە. ئەم هەنگاوە چانسی ناوبراو بۆ وەرگرتنی پۆستەکە بەهێزتر دەکات.

نەوزاد هادی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: "لەژێر ڕۆشنایی فەرمانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و بەدەستهێنانی متمانەی حزبەکەمان بۆ کاندیدبوونمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کە ئەمە جێگەی شانازییە بۆ ئێمە، بڕیارمان دا لە کێبڕکێکە بکشێینەوە." 

ڕوونیشی کردەوە کە بڕیاری کشانەوەکە "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و پشتیوانیکردنە لە کاندیدی سەرەکیمان، فوئاد حوسێن."

لەو بارەیەوە بەرپرسێکی باڵای کورد، بە ڕۆژنامەی (الشرق الأوسط)ـی گوت: کشانەوە بۆ بەرژەوەندیی کاندیدێکی دیاریکراو شتێکی باوە و تەنانەت لە ئاستی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و وەزیرانیشدا ڕوو دەدات.

 ئەو پێی وایە، کشانەوەی نەوزاد هادی ئامانج لێی پەرتنەبوونی دەنگەکانی پارتییە. هاوکات ناوبراو نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی حزبە سەرەکییەکان و هێزە کوردییەکانی دیکە، کە تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەسەر کاندیدێکی هاوبەش بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار.

ئەو بەرپرسە باڵایە باسی لەوەش کرد، "پرسەکە بەو ئاسانییە تێناپەڕێت کە پێشبینی دەکرێت، بەتایبەتی لە سایەی ئەو مامەڵە و ڕێککەوتنە سیاسییانەی دوایی کە پەیوەستن بە هەڵبژاردنی کاندیدەکانەوە."

 

وادە دەستوورییەکان

بڕیارە لەم هەفتەیەدا پەرلەمانی عێراق، کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار ساز بکات، بەر لەوەی وادەی دەستووری کە 30 ڕۆژە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمانەوە کۆتایی بێت. ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ قۆناغی دواتر کە ڕاسپاردنی کاندیدی فراکسیۆنی گەورە (چوارچێوەی هەماهەنگی)یە بۆ پێکهێنانی حکوومەت لە لایەن سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوەوە.

سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا، ناوی ئەو کاندیدانەی ڕاگەیاند کە مەرجە یاساییەکانیان تێدایە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، کە ژمارەیان 15 کاندید بوو، دواتر دادگای فیدراڵی دوای چاوخشاندنەوە بە تانەکاندا، 4 ناوی دیکەی گەڕاندەوە و کۆی گشتیی کاندیدەکان گەیشتە 19 کەس، بەڵام ئەوڕۆ یەکێکی دیکە کشایەوە بوو بە 18 کەس.

 

چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق

بە گوێرەی دەستووری هەمیشەییی عێراق (ساڵی 2005) و بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی، هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکێکە لە گرنگترین و هەستیارترین دانیشتنەکانی پەرلەمان، چونکە کلیلی پێکهێنانی حکوومەتە.

بەپێی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵی، کۆبوونەوەی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێویستی بە ئامادەبوونی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.

واتە لە کۆی 329 پەرلەمانتار، دەبێت لانی کەم 220 پەرلەمانتار لە ناو هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن، ئەگەر ئەو ژمارەیە ئامادە نەبن، کۆبوونەوەکە بەڕێوە ناچێت.

 

 میکانیزمی دەنگدان و هەڵبژاردن

پڕۆسەی دەنگدان بەپێی ماددەی (70)ـی دەستووری عێراق بە دوو گەڕ بەڕێوە دەچێت:

گەڕی یەکەم؛ لەو گەڕەدا هەر کاندیدێک بتوانێت دەنگی دوو لەسەر سێی کۆی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت، ڕاستەوخۆ دەبێتە سەرۆک کۆمار بەڵام زۆر ئەستەمە هیچ کاندیدێک لە گەڕی یەکەمدا 220دەنگ بەدەست بهێنێت، بۆیە زۆربەی جار دەچێتە گەڕی دووەم.

 

گەڕی دووەم؛ قۆناغی یەکلاییکرەوە

ئەگەر لە گەڕی یەکەمدا هیچ کاندیدێک 220 دەنگی نەهێنا، تەنها دوو کاندید کە زۆرترین دەنگیان هێناوە دەچنە قۆناغی دووەمەوە، کێبڕکێکە لە نێوان ئەو دوو کەسەدا دەمێنێتەوە.

لەم گەڕەدا مەرجی 220 دەنگ نامێنێت، بەڵکو هەر کامێکیان زۆرترین دەنگی هێنا دەبێتە سەرۆک کۆمار.

 

سوێندخواردنی سەرۆک کۆمار و ئەرکی دواتر

دوای ئەوەی سەرۆک کۆمار هەڵدەبژێردرێت، لەبەردەم پەرلەمانتاراندا سوێندی یاسایی دەخوات.

گرنگترین ئەرکی دوای هەڵبژاردنی، سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراو، دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا، کاندیدی "گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان" ڕابسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکوومەت.