حکوومەتی سووریا 126 ئەندامی داعش لە زیندانی ئەقتان ئازاد دەکات
میدیا ناوخۆییەکانی سووریا بڵاویانکردەوە، هێزە ئەمنییەکانی سووریا 126 کەسیان لە داعشە دەستگیرکراوەکانی زیندانی ئەقتان لە ڕەقە، بە بیانوی ئەوەی تەمەنیان خوار 18 ساڵانە ئازاد کردووە.
شەممە 24ـی کانوونی دووەمی 2026، میدیا ناوخۆییەکانی سووریا بڵاویانکردەووە، لە زیندانی ئەقتان لە ڕەقەی سووریا، هێزە ئەمنییەکانی سووریا 126 کەسیان لە داعشە دەستگیرکراوەکان ئازاد کردووە. ئاماژەیان بەوە کردووە، ئەو کەسانەی ئازاد کراون تەمەنیان خوار 18 ساڵان بووە.
لە ڕابردوودا زیندانی ئەقتان، لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات ( هەسەدە)ـدا بب، بەڵام دوای هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر پارێزگای حەلەب و ڕەقە و دێرەزوور لە لایەن حکوومەتی سووریاوە دەستی بەسەردا گیرا.
وەزارەتی ناوخۆی سووریا ئەپڵیکەیشنی دیجیتاڵی نوێی خۆی بە ناوی "دەنگت بیستراوە" لە 21ـی کانوونی دووەمی 2025 راگەیاند، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان بە خێرایی و بە ئاسانی، لە هەر شوێنێکەوە دەستیان بە خزمەتگوزارییە فەرمییەکان بگات.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەکی ئەمنی لە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی ئەلیکترۆنی وەزارەتی ناوخۆوە لێکۆڵینەوە لە زانیاری کەسی ئەو زیندانیانە کراوە، دەرکەوتووە تەمەنیان لە خوار 18 ساڵانەوەیە، بۆیە بڕیاردراوە ئازاد بکرێن، بێ ئەوەی ئاماژە بە مەترسی ئازادکردنیان بکرێت.